٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لیژنەیەك بۆ هاوتاكردنی مووچەی شەهیدان و ئەنفالكراوان سەردانی بەغدا دەكات

سەرچاوە: KDP.info
 
هەولێر-KDP.info- سەرۆكی لیژنەی كاروباری شەهیدان و جینۆساید و ئەنفالكراوان لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ، بۆ هاوتاكردنی مووچەی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان، پاش هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لیژنەیەكەیان سەردانی بەغدا دەكات.
 
سەوسەن گەردی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "هەفتەی رابردوو لەگەڵ وەزارەتی شەهیدان كۆ بووینەوە، پاش هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش سەردانی بەغدا دەكەین، بۆ ئەوەی بزانین ئەو كێشانە چین كە ماون بۆ هاوتاكردنی مووچەی شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی، چونكە پێویستە قەرەبووی خەڵكی كوردستان بكرێتەوە، بۆیە لە بەغدا بەدواداچوونێكی ورد بۆ ئەو پرسە دەكەین، تا بە زووترین كات مووچەی شەهیدان هاوتای بەغدا بكرێت".
 
سەرۆكی لیژنەی كاروباری شەهیدان و جینۆساید و ئەنفالكراوان دەشڵێ: "دەمانەوێت لەگەڵ لیژنەی شەهیدان و دەزگای شەهیدانی عێراق هەماهەنگیی زیاتر دروست بكەین، تەنانەت لەگەڵ فراكسیۆنە كوردستانییەكانیش، بۆیە دەمانەوێت لە نزیكەوە ئاگاداری هەموو كێشەكان بین، كە پێویستە ژیان و گوزەرانی كەسوكاری شەهیدان خۆش بكرێت، بۆیە ئەوەی لە دەست ئێمە بێت، لە خزمەتی كەسوكاری شەهیدان، ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسیدا دەبین".
 
ڕابین شێروانی
 

هەواڵی پەیوەندیدار