"ئەمساڵ ھەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی بودجە "
__2019_05_11_h16m1s33__ER.jpg)
هەولێر - KDP.info - بڕیارە دوای پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەست بە ئامادەکاری بۆ پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ھەرێمی کوردستان بکرێت و بڕیاردەری لیژنەی دارایی و ئابووریی پەرلەمانی کوردستان دەڵێ، هەر کابینە پێک بێت یەکسەر داوای پڕۆژەیاسای بودجە لە حکوومەت دەکەن.
محەمەد ئیلخانی، بڕیاردەری لیژنەی دارایی و ئابووریی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "ھەرچەندە نزیک دەبینەوە لە نیوەی ساڵ، بەڵام ھەرچۆنێک بێت، پێویستە پڕۆژەیاسای بودجە ئامادە بکرێت و لە لایەن پەرلەمانەوە دوای گفتوگۆ و پێداچوونەوە پەسەند بکرێت، دوای پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەت یەکسەر وەک لیژنەی دارایی داوای پڕۆژەیاسای بودجە لە حکوومەت دەکەین."
ئیلخانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئەمە بۆ پێنج ساڵ دەچێت بەھۆی قەیرانی دارایی و بڕینی بودجەی ھەرێمی کوردستان لە لایەن بەغداوە، ھەرێمی کوردستان یاسای بودجەی نەبووە، بەڵام ئێستا ڕێککەوتن لە نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراقی فیدڕاڵدا ھەیە و پارە و داھات و مووچە ھەیە و دەبێ بودجەش ھەبێت بۆ ڕێکخستنی خەرجییەکانی حکوومەت."
دکتۆر ئەرشەد تەھا، پسپۆڕی ئابووریش بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەنگاوێکی پێویستە و ھەرێمی کوردستان دەبێ ئەمساڵ پڕۆژەیاسای بودجە پەسەند بکات، چونکە داھات و خەرجی ھەن، مادام ساڵانی پێشووش نەبووە دەبێ ئەمساڵ پڕۆژەیاسای بودجە لە لایەن پەرلەمانەوە پەسەند بکرێت، تا بەدواداچوون بۆ خەرجییەکان و داھاتەکانی ھەرێمی کوردستان بکرێت."
قائید میرۆ




