٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"بەھۆی ئارامیی بەردەوامەوە کۆمپانیای نوێی بواری بەرھەمھێنانی نەوت ڕوو لە ھەرێم دەکەن"

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر-KDP.info- ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری وزە دەڵێ، ئێستا لەبەر دوو ھۆکار بە شێوەیەکی بەرچاو کۆمپانیای نوێی بواری نەوت ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن. یەکەم، ھەرێمی کوردستان دەوڵەمەندە بە نەوت و، دووەمیش ئارامییەکی تەواو بۆ کۆمپانیاکان ھەیە و نرخی نەوت لە بەرزبوونەوەدایە و حکوومەتیش ھاوکارییان دەکات، بۆیە کۆمپانیاکان بۆ کارکردن لە بواری نەوتدا ھەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج.

 

ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری وزە، بێوار خنسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەگەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەو شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت لە پشتگیریکردنی کۆمپانیاکان، لەو بڕوایەدام بەرھەمھێنانی نەوتی ھەرێم زۆر زیاد دەبێت، ئەویش لە ڕێگەی کارکردن لە بلۆکی نوێ و بیری نوێوە، کە دەبێتە ھۆی زیادبوونی بەرھەم، جا چەند زیاتر گرنگی بە کۆمپانیاکان بدرێت و ھاوکاری بکرێن، ھێندە بەرھەم زیاتر دەبێت و زۆر لە٥٠٠ھەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا زیاتر دەبێت."

 

بێوار خنسی گوتیشی: "بەھۆی ئەو ھێمنی و ئارامییەی کوردستانەوە، ئێستا کارێکی باش بۆ زیادکردنی بەرھەمھێنانی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەکرێت و بەردەوام بیری نوێ لە بلۆکی نوێ دەکۆڵن و حکوومەتیش ھاوکاریی باشیان دەکات و کۆمپانیای نوێ ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن."


خنسی باسی لەوەش کرد: "بەھۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە بە شێوەیەکی بەرچاو کۆمپانیاکان ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن، چونکە دەزانن ھەرێمی کوردستان شوێنێکی ئارامە بۆ کارکردن و دەوڵەمەندیشە بە نەوت، دەشزانن قازانجێکی زۆر لە ھەرێمی کوردستان دەکەن، بۆیە ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن."

بڵندئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار