هرووری: كار لەسەر ھاوتاكردنی مووچەی ھێزەكانی ناوخۆ و دروستكردنی ھێزێكی یەكگرتوو دەكەین

ھەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان گوتی، لە ئێستادا كار لەسەر دوو پڕۆژە دەكەن، ئەوانیش بریتین لە ھاوتاكردنی مووچەی ھێزەكانی ناوخۆ و ئاسایش لەگەڵ بەغدا و دووەم دانانی یاسایەك بۆ ئەوەی ھێزێكی یەكگرتووی نیشتیمانیی پێشمەرگە لە ھەرێمی كوردستان ھەبێت.
رێڤینگ ھرووری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، وەك لیژنەی پێشمەرگە سەرقاڵی دوو پڕۆژەی گرنگن، كە یەكەمیان ھاوتاكردنی مووچەی ھێزەكانی ئاسایش و ناوخۆیە لەگەڵ بەغدا و ھەر چی ئیمتیازاتێك لە عێراق ھەبێت، پێویستە لە ھەرێمی كوردستانیش جێبەجێ بكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ھەوڵدان و گفتوگۆشیان لەگەڵ كردوون، چونكە مافی خۆیانە مووچەیان ھاوتا بكرێت.
ھرووری گوتیشی: "دەمانەوێت پڕۆژەیەك ئامادە بكەین و بیدەین بە حكوومەت بۆ ئەوەی ھێزی پێشمەرگە ھەمووی یەك بگرێت و ببێتە ھێزێكی نیشتیمانی، كە لە ئێستادا لە وەزارەتی پێشمەرگەش كاری لەسەر دەكرێت بە ھاوكاریی ھاوپەیمانان و پارتی و یەكێتیش و ئێمەش دەمانەوێت بۆ بەنیشتیمانیكردنی ھێزی پێشمەرگە بگەینە یاسایەك و لە پەرلەمان پەسەند بكرێت، بۆ ئەوەی ھەموو مافەكانی ھێزی پێشمەرگە وەكو ھێزەكانی دیكە بە یاسا دیاری بكرێت، چونكە لە ئێستادا چەند جۆرە ھێزێك ھەن".
بڵند ئیبراھیم




