٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

برادۆستی بۆ KDP: پەرلەمانی كوردستان دووسبەی دەنگ لەسەر یاسای سەرۆكایەتیی ھەرێم دەدات

سەرچاوە: KDP.info
 
ھەولێر-KDP.info- دوابەدوای كۆبوونەوەی شاندی باڵای پارتی و یەكێتی و گۆڕان و واژۆكردنی ڕێككەوتنی كۆتایی ھەرسێ لایەنی سیاسی، پەرلەمانتارێكی كوردستان دەڵێت، سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان ئاگاداری سەرجەم ئەندامانی گشت لایەنە سیاسییەكان دەكاتەوە بۆ دانیشتنی پەرلەمان پەیوەست بە ھەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی ھەرێم.
 
دوێنێ ٥ـی ٥ـی ٢٠١٩، دوای كۆبوونەوەی ھەردوو شاندی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كورستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی و، عومەری سەید عەلی ڕێكخەری بزووتنەوەی گۆڕان، داكۆكی لەسەر ڕێككەوتنی ھەریەك لە پارتی و یەكێتی و بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كرایەوە، حكوومەتێك كە كار بۆ خۆشگوزەرانی و باشبوونی دۆخی دارایی و بەردەوامیی چاكسازی و چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ بەغدا و بەرەوپێشیردنی دۆخی ھەرێمی كوردستان لە ھەموو ڕوویەكەوە و بەنیشتمانیكردنی دامەزراوەكان بكات.
 
پەیوەست بەم بابەتە، زێدان برادۆستی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بەپێی حوكمی بڕگەكانی (یەكەم، دووەم و سێیەم) لە ماددەی (١٦) و بڕگەی (سَییەم) لە ماددەی (١٨) و بڕگەكانی (یەكەم و پێنجەم) لە ماددەی (٥٤) و ماددەكانی (٤٧، ٥٢، ٥٥، ٥٧،٥٦) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ـ عێراق، دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بڕیاری دا بەرنامەی كاری دانیشتنی ژمارە (٥)ی ئاسایی خولی بەھارەی ساڵی یەكەم لە خولــی پێنجەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمان لە كاتژمێر  ١١ـی پێشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە، ڕێككەوتی ٨ـی ٥ـی ٢٠١٩ دانیشتنی ئاسایی خۆی بۆ ھەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی ھەرێم ئەنجام بدات." 
 
برادۆستی گوتیشی: "یەكەم كار، دەنگدان لەسەر (پێشنیازی یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان ـ عێراق و ھەمواری شێوازی ھەڵبژاردنی سەرۆك تا پەسەندكردنی دەستوور) بەپێی حوكمی ماددەكانی (٨٩ ،٩٠ ،٩١ ، ٩٣ ، ٩٦) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان دەبێت."
 
فایزە كۆیی
 

هەواڵی پەیوەندیدار