نیعمەت عەبدوڵڵا: پێویستە پەلە لە كاراكردنەوەی سەرۆكایەتیی ھەرێم بكرێت

ھەولێر-KDP.info- سەرۆكی بۆردی چارەنووس و سەرۆكی پێشووی یەكێتیی پەرلەمانتاران گوتی، دوای رێككەوتنەكەی دوێنێ، پێویستە حزبەكان ھەنگاوەكانی پێكھێنانی حكوومەت دەست پێبكەن و بەرنامەیەك دابنێن، كە لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندا بێت.
نیعمەت عەبدوڵڵا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو رێككەوتنەی دوێنێ كرا، زۆر گرنگ بوو و پێویستە لەمەودوا بەرنامەیەكی تۆكمە بۆ حكوومەت دابنرێت، بۆ ئەوەی بتوانن بە ھاوبەشی جێبەجێ بكرێت و لەگەڵ ھەلومەرجی ئێستادا بگونجێت، چونكە بەشێك لە دواكەوتنی حكوومەت لە دەرەوەی ئیدارەدایە و باسوخواسی ناوچەكە گەرمە و بە كۆمەڵێك كێشەدا تێپەڕ دەبێت، بۆیە ھەرێمی كوردستان پێویستە پلانێكی ستراتیژی ھەبێت بۆ روبەڕووبوونەوەی ھەموو كێشەكان و لایەنەكانیش بە دڵسۆزییەوە كار بكەن و بەرنامەیەك لە بەرژەوەندیی خەڵك دابڕێژن و پەرلەمان كارا بێت و دەست بە یاسادانان و دەركردنی بڕیار بكات".
عەبدوڵڵا گوتیشی: "پێویستە پەلە لە كاراكردنەوەی سەرۆكایەتیی ھەرێم بكرێت و سەرۆكی ھەرێم ھەڵبژێرن و سەرۆكی حكوومەت راسپێردرێت و لە ماوەی كەمتر لە مانگێكدا حكوومەت دروست بكرێت، چونكە ھەموو شتێك یەكلا كراوەتەوە و لە كەمتر لە مانگێكدا حكوومەت پێكدێت، لەبەر ئەوەی تەنھا كەسەكان ماون بۆ پۆستەكان دیاری بكرێن و پۆستەكانیش بەسەر لایەنەكاندا دابەش كراون".
ناوبراو باسی لەوەش كرد: "ھەر كاتێك سەرۆكی حكوومەت راسپێردرا، مانگێكی لە بەردەستدایە بۆ ئەوەی كابینەكە ئامادە بكات و رادەستی پەرلەمانی بكات تا متمانەی پێبدەن، بەڵام بە رای من مانگێك ناخایەنێت و حكوومەتی نوێ دەستبەكار دەبێت".
بڵند ئیبراھیم




