بەڕێوەبەری رەگەزنامە: پڕۆسەی دەركردنی كارتی نیشتیمانی بەردەوام دەبێت

هەولێر-KDP.info- پڕۆسەی دەركردنی كارتی نیشتیمانی لە ھەرێمی كوردستان بەردەوامە و بەڕێوەبەری رەگەزنامەی ھەولێریش دەڵێ، ھەر كاتێك رێژەیەكی بەرچاوی ھاووڵاتیان بوونە خاوەنی كارتی نیشتیمانی، كاركردن بە رەگەزنامە و ناسنامە رادەگیرێت.
عەمید عەبدولڕەحمان گەردی، بەڕێوەبەری رەگەزنامەی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "تا ئێستا تەنیا ٣٠%ی دانیشووانی پارێزگای ھەولێر كارتی نیشتیمانییان دەركردوە و پێویستە ھەموو ھاووڵاتییەك سەردانی بنكەكانی كارتی نیشتیمانی بكەن، ئێمە ١٨ بنكەمان كردووەتەوە و بڕیارە چوار بنكەی دیكەش زیاد بكەین، بۆ ئەوەی ئاسانكاری بكرێت بۆ ھاووڵاتیان و بتوانن لە كاتێكی زووتردا ببنە خاوەنی كارتی نیشتیمانی".
بەڕێوەبەری رەگەزنامەی ھەولێر روونی كردەوە: "پڕۆسەی دەركردنی كارتی نیشتیمانی، پڕۆسەیەكی بەردەوامە و ئەو دەنگۆیانەشی لەنێو ھاووڵاتیاندا بڵاو بوونەتەوە گوایە تا كۆتایی ئەم مانگەیە، هیچ بنەمایەكی نییە، چونكە ئێمە بە ھەماھەنگی حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ بڕیار لەسەر وەستانی پڕۆسەكە دەدەین".
لەبارەی راگرتنی رەگەزنامە و ناسنامەی باری شارستانییەوە، عەمید عەبدولڕەحمان گەردی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ھەر كاتێك رێژەیەكی پێویست لە ھاووڵاتیان بوونە خاوەنی كارتی نیشتیمانی، ئێمە بڕیار دەدەین كار بە كارتی نشتیمانی بكرێت و كاركردن بە رەگەزنامە و ناسنامە رادەگیرێت، بەڵام ئەوە كاتێك دەكرێت كە بۆ نموونە ٧٠%ی خەڵكی كوردستان كارتی نیشتیمانی دەربكەن، بەڵام بە بێ ھەرێمی كوردستان بەغداش ناتوانێ بڕیارێكی وەھا بدات".
قائید میرۆ




