بڕیارە چوار شاندی هەرێمی كوردستان بچنە بەغدا

هەولێر-KDP.info- رۆژی چوارشەممەی داهاتوو، شاندێكی هەرێمی كوردستان دەچێتە بەغدا و بڕیارە دوای ئەو شاندەش، سێ شاندی دیكەی جیاواز سەردانی بەغدا بكەن، كە سەرجەمیان پەیوەستن بە پرسی ئابووری و بازرگانی و نەوتەوە.
بڕیارە لەم مانگەدا چوار شاندی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكەن، ئەوانیش شاندی بازرگانی و ئابووری و شاندی وەبەرهێنان و باج و ئەنجوومەنی باڵای نەوت و گازن.
عەبدولڕەزاق ناوەندەیی، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "رۆژی چوارشەممەی داهاتوو، شاندێكی باڵای وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم دەچێتە بەغدا، كە ئامانجی چوونی شاندەكەش بۆ پرسی بازرگانیی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا و پرسی رێگری و پێشكەوتنی ئەو بوارە و پلان و بەرنامەی داهاتوو دەبێت، بە تایبەت كە لە ئێستادا پەیوەندییەكی باش لە نێوان هەرێم و عێراقدا دروست بووە".
ناوەندەیی ئەوەشی خستە روو، سەردانی شاندەكە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەیە، كە سەبارەت بە رێگەپێدان و هاوردەكردن لە نێوان هەرێم و بەغدادا هەن.
بەپێی زانیاریی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بڕیارە دوو هەفتە دوای ئەوە، شاندێكی وەبەرهێنەرانی هەرێم بە هەمان شێوە سەردانی بەغدا بكەن.
لەم بارەیەوە، ئەحمەد رێكانی، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنەرانی كوردستان، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "نووسراوێكمان بۆ بەغدا ناردووە سەبارەت بە چوونی شاندێكی ئێمە بۆ بەغدا و چاوەڕوانی وەڵامین، بۆ ئەوەی ئەو شاندە بچێتە بەغدا و لەوێش پرسی وەبەرهێنەران لە نێوان هەردوولادا باس بكرێت".
بڕیارە لە ماوەی مانگێكدا شاندێكی دیكەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باج سەردانی بەغدا بكات، لەو بارەیەشەوە، عەبدولقادر عەبدوڵڵا، جێگری بەرێوەبەری گشتیی گومرگ، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بەرنامەیەك هەیە كە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باج ئەم مانگە سەردانی بەغدا بكەن، بەڵام هێشتا ناوەڕۆكی سەردانەكە دیار نییە".
هاوكات شاندی چوارەمیش كە بڕیارە لەم مانگەدا بڕوات، شاندی باڵای نەوت و گازی هەرێمی كوردستانە، كە بڕیار وایە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغدا گفتوگۆ بكەن.
كاروان سورچی، گوتەبێژی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "هەبوونی پەیوەندیی باش لە نێوان هەولێر و بەغدادا، وادەكات ئابووریی كوردستان گەشەی زیاتر بكات، لە ماوەی رابردوودا دووركەوتنەوەی هەولێر و بەغدا بۆشاییەكی ئابووری لە كوردستان دروست كرد، بۆیە نزیكبوونەوەی هەردوولا وادەكات رەوشی ئابووری باشتر دەبێت و كاریگەریی باشیشی دەبێت، لەبەر ئەوە چوونی ئەو چوار شاندە زۆر گرنگە، تا بازرگانی و ئابووری كوردستان گەشەی زیاتر بە خۆیەوە ببینێت و داهاتی خەڵكی كوردستان بەرز ببێتەوە".
كارزان سەباح




