٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

قایمقامی هەولێر: هەر كەسێك نرخی كاڵاكان گران بكات سزا دەدرێت

سەرچاوە: KDP.info
 
هەولێر-KDP.info- قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر دەڵێ، لیژنەیەكی قایمقامییەت بە ڕۆژ و شەو چاودێریی دۆخی بازاڕ دەكەن و هەر كەسێك سەرپێچی بكات و نرخی كاڵاكان گران بكات، رووبەڕووی سزای توند دەبێتەوە.
 
نەبەز عەبدولحەمید، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لیژنەی قایمقامیەت لە مانگی رەمەزاندا بەرنامەیەكی تۆكمە و پلانی باشی داڕشتووە بۆ چاودێریكردنی بازاڕ و نرخی كاڵا و پێداویستییەكانی هاووڵاتیان". 
 
عەبدولحەمید دەشڵێ، لیژنەكەیان بەردەوام دەبێت لە چاودێریكردنی دۆخی بازاڕ و لە مانگی رەمەزانیشدا بە رۆژ و شەو چاودێری و سەردانی بازاڕەكانی ناوشار دەكەن، هەر كەسێكیش كاڵای خراپ و ماوەبەسەرچوو و كوالێتی نزم بە هاووڵاتیان بفرۆشێت یان نرخی شتومەك گران بكات، رووبەرووی سزای تووندی یاسایی دەبێتەوە.
 
قایمقامی هەولێر ئاماژەی بەوەش كرد: "لە مانگی رەمەزاندا كارەبا 24 كاتژمێر بە هاووڵاتیان دەدەرێـت، كە كارەبای نیشتیمانی 18 كاتژمێر دەبێـت و ئەوەی تری مۆلیدە ئەهلییەكان پڕی دەكەنەوە".
 
ناوبراو روونیشی كردەوە: "هاووڵاتیان دەتوانن لە كاتی بینینی سەرپێچی و گرانكردنی نرخی كاڵاكاندا، پەیوەندی بكەن بە هەردوو ژمارەی 07502224466- 07502224488 و لە هەبوونی سەرپێچییەكان ئاگادارمان بكەنەوە، هەر سكاڵایەكیش تۆمار بكرێت، لیژنەكەمان بەدواداچوونی وردی لەسەر دەكات و سەرپێچیكاران سزا دەدرێن، بۆیە هاووڵاتیان دڵنیا دەكەینەوە لە جێگیربوونی بازاڕ لە مانگی رەمەزاندا".
 
هۆزان سەمەد.
 

هەواڵی پەیوەندیدار