ئەم ھەفتەیە دەنگ لەسەر ھەمواری یاسای سەرۆكایەتیی ھەرێم دەدرێت

ھەولێر-KDP.info- جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان گوتی، دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان كۆ دەبێتەوە و لەم ھەفتەیەدا رۆژێك دیاری دەكرێت بۆ ئەوەی دەنگ لەسەر ھەمواری یاسای سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان بدرێت.
مونا قەھوەچی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ھەموو كارەكانی ھەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان تەواو بوون و تەنھا ماوە دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەند بكرێت، بۆیە پەرلەمان رۆژێك دیاری دەكات بۆ كۆبوونەوە و دەنگی لەسەر دەدات و پەسەندی دەكات".
قەھوەچی گوتیشی: "بڕیارە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان كۆ ببێتەوە و رۆژێك بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان دیاری بكات، بۆ ئەوەی لەم ھەفتەیەدا دەنگ لەسەر ھەمواری یاساكە بدات و پەسەند بكرێت".
ئەمەش لە كاتێكدایە، پەرلەمانی كوردستان بۆ دەنگدان لەسەر ھەمواری یاسای سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان چاوەڕێی رێككەوتنی لایەنەكانی دەكرد و دوێنێش ھەر سێ لایەنی پارتی و یەكێتی و گۆڕان بە فەرمی رێككەوتنیان واژۆ كرد، بۆیە دەست بە پێكھێنانی حكوومەتی نوێ دەكرێت.
بڵند ئیبراھیم




