"تا ئێستا پارێزگاری کەرکووک زیاتر لە ٣٠ بەرپرسی لە پۆستەکانیان دوور خستووەتەوە"

کەرکووک-KDP.info- سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی، دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر تا ئێستا پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووک زیاتر لە٣٠ بەرپرسی بە نایاسایی لە پۆستەکانیان دوور خستووەتەوە و ھەرکاتێک ئەنجومەن دەستبەکار بێتەوە ئەو بەرپرسانە دووبارە دەگەڕێنەوە سەر پۆستەکانی خۆیان.
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، ڕێبوار تاڵەبانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لادانی بەرپرسانی کەرکووک لە لایەن پارێزگاری کەرکووک بەوەکالەتەوە پێچەوانەی یاسای ٧١ی بریمەرە و پێچەوانەی یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٨ـە، بۆیە ئەوەی پارێزگاری کەرکووک دەیکات بە ھیچ شێوەیەک شەرعی و یاسایی نییە، چونکە ھەر بەم دواییانە دوو بەرپرسی دیکەی لاداوە."
ڕێبوار تاڵەبانی گوتیشی: "لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و ھاتنی ئەو دۆخە نەخوازراوەی شاری کەرکووکەوە تا ئێستا پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووک زیاتر لە٣٠ بەرپرسی بە نایاسایی لە پۆستەکانیان دوور خستووەتەوە."
تاڵەبانی باسی لەوەش کرد: "ھەرکاتێک دۆخی شاری کەرکووک ئاسایی بووە و ئێمەش وەک ئەنجومەن دەستبەکار بووینەوە، ئەوکات ھەر بەرپرسێک بە نایاسایی لادرابێت، پێویستە بگەڕێتەوە بۆ شوێنی خۆی، چونکە ناکرێ لە خۆیەوە بەرپرس لە پۆستەکان دوور بخاتەوە."
بڵند ئیبراھیم




