٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"پارتی مەرجەکانی بۆ پارێزگاری داھاتووی مووسڵ ئاشکرا کرد"

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ-KDP-info-  بەرپرسێکی پارتی ڕەتی کردەوە کە پارتی ھیچ کەسێکی بۆ پۆستی پارێزگاری نەینەوا کاندید کردبێت و دەشڵێ، ئەوان مەرجی خۆیان ھەیە بۆ ئەو کەسەی دەبێت بە پارێزگاری مووسڵ و ئەو پۆستەش مافی کوتلەی نەھزەیە، پێشتریش پارتی و نەھزە ڕێککەتنیان لەوبارەیەوە کردووە.

شێخ محیەدین مزووری، کارگێڕی لقی چواردەی پارتی لە مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو زانیارییانەی لە میدیا عەرەبییەکان بڵاو دەکرێنەوە کە گوایە پارتی کاندیدی بۆ پۆستی پارێزگاری مووسڵ ھەیە، ڕاست نین و، ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان ھیچ کەسێکمان کاندید نەکردووە بۆ ئەو پۆستە و مافی ئێمەیش نییە، چونکە پۆستەکانی مووسڵ دابەش کراون."

ئەو بەرپرسەی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بەپێی ڕێککەوتنی نێوان ئێمە و کوتلەی نەھزە، پۆستی پارێزگاری مووسڵ بۆ نەھزەیە و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا و جێگری یەکەمی پارێزگاری مووسڵیش بۆ پارتیمانە، ئێستا ئەوان چەند کەسێکیان کاندید کردووە، بەڵام لەنێو خۆیاندا کێشەیان ھەیە، کوتلەی نەھزە بەسەر دوو بەرەدا دابەش بووە، ئەوانەی خەڵکی مووسڵن و پەرلەمانتارەکانیان لە بەغدا."

مزووری دەڵێت: "ئێمە پێمان ڕاگەیاندوون لەنێو خۆتاندا کەسێک یەکلا بکەنەوە تا ئێمەش دەنگی پێ بدەین، بەڵام دیارە ململانێیەکی زۆر ھەیە و زۆر کەس چاوی بڕیوەتە پۆستی پارێزگاری مووسڵ."

شێخ محیەدین مزووری ڕوونی کردەوە: "ئێمە نایشارینەوە وەک پارتی مەرجی خۆمان ھەیە بۆ ئەو کەسەی دەبێتە پارێزگاری مووسڵ و پێش ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت، پێویستە پابەند بێت بە مەرجەکانی پارتییەوە، مەرجە سەرەکییەکانی ئێمەش پاراستنی پێکەوەژیان لە مووسڵ و پلانی ئەمنی و ئابووریی پارێزگاری داھاتووە بۆ مووسڵ، ھەروەھا دەبێ پابەند بێت بە ڕێککەوتنی پێشووی نێوان نەھزە و پارتییەوە."

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار