٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"رێگای نێوان دھۆك ھەولێر لە كاتی خۆیدا تەواو دەكرێت"

سەرچاوە: KDP.info

 

دھۆك-KDP.info- بڕیارە ژمارەیەك رێگای نوێ لە سنووری پارێزگای دھۆك دروست بكرێن، بەڕێوەبەری گشتیی رێگاوبانی دھۆكیش ئاشكرای كرد، كۆتایی ئەمساڵ پڕۆژەی رێگەی سەرەكیی دھۆك - ھەولێر لە دیوی دھۆكەوە كۆتایی دێت و بۆ ساڵی ئایندە بە یەكجاری دەكرێتەوە.

خەدیجە محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێگاوبانی دھۆك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لەنێو قەیراندا ئێمە دەستمان بە كاركردن لە ژمارەیەك رێگای سەرەكی كردووە، لەوانەش رێگای دھۆك - ھەولێر لە شارەدێی رۆڤیا تا زێی گەورە، كە ئەم پڕۆژەیە لە كۆتایی ئەیلوولی رابردوو لەسەر فەرمانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان، دەستی پێكردووە و ساڵی  داھاتوو كۆتایی دێت".

بەڕێوەبەری گشتیی رێگاوبانی دھۆك ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "رێگای دھۆك – ھەولێر، رێگایەكی نێودەوڵەتییە و جگە لەوەی ھەردوو پارێزگا ھەولێر و دھۆك بەیەكەوە دەبەستێتەوە، رێگای ھەرێمی كوردستان بۆ وڵاتی توركیاش نزیكتر دەكاتەوە، لەبەر ئەوەش ھەم ئێمە وەك حكوومەت و ھەمیش كۆمپانیای جێبەجێكار ھەموو ھەوڵێكمان بۆ ئەوەیە پێش وادەی یاسایی خۆی، ئەو رێگایە تەواو بكرێت".

خەدیجە محەمەد دەڵێت: "پلانێكی دیكەی رێگەی دھۆك - ھەولێرمان لە بەردەستدایە، كە قۆناغی دووەمە و ئەویش بەدووسایدكردنی رێگاكەیە لە نزیك قەزای سێمێل بۆ بەدریك و دواتر بۆ سێڕێیانی باعەدرێ، چونكە رێگاكە ھاتوچۆیەكی زۆری لەسەرە و دەمانەوێ لە ھەولێرەوە تا دەگاتە زاخۆ بە ستانداردی نێودەوڵەتی دروست بكرێت".

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار