رۆژبەیانی: دانوستانەكان بۆ ئاساییكردنەوەی رەوشی ناوچە كوردستانییەكان ئومێدبەخشن

هەولێر-KDP.info- بڕیارە لە كابینەی نوێدا دەستەیەك بۆ كاروباری ناوچە كوردستانییەكان دروست بكرێت، سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانیش لەپەرلەمانی كوردستان دەڵێ، دانوستانی ئومێدبەخش لە نێوان ھەرێم و بەغدا بۆ ئاساییكردنەوەی رەوشی ئەو ناوچانە بەڕێوە دەچن.
جوان رۆژبەیانی، سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ھەوڵێكی جیددی ھەیە بۆ ئاساییكردنەوەی رەوشی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و لەو بارەیەوە دانوستانەكان ئومێدبەخشن بەوەی رەوشی ئەو ناوچانە ئاسایی بكرێتەوە و كێشە و ئاڵۆزییەكان كۆتاییان بێت".
سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان گوتیشی: "بڕیارە لە كابینەی داھاتووی حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا دەستەیەكی تایبەت بەو ناوچانە دروست بكرێت و دوای پێكھێنانی حكوومەتیش شاندی ھەرێمی كوردستان لەبارەی ئاساییكردنەوەی رەوشەكە سەردانی بەغدا دەكەن و شاندی ئەوانیش سەردانی ھەرێمی كوردستان دەكەن".
پەیوەست بە جووڵەی چەكدارانی داعش لە ناوچە كوردستانییەكان، رۆژبەیانی روونی كردەوە: "ئاڵۆزبوونی رەوشی ئەمنی، پەیوەستە بە ئاساییكردنەوەی رەوشی ئەو ناوچانە، چونكە ئەگەر پێشمەرگە بگەڕێتەوە و رەوشەكە ئاسایی بكرێتەوە، كاریگەری لەسەر باشبوونی رەوشی ئەمنی دەبێت".
قائید میرۆ




