یەكێتیی نیشتمانی: كۆبوونەوەی ئەمڕۆ بۆ واژۆكردنی رێككەوتنەكەیە

سلێمانی-KDP.info- ئەمڕۆ رێككەوتنی كۆتایی لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا واژۆ دەكرێت، ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتییش دەڵێ، هەردوولا لەسەر هەموو شتەكان رێككەوتوون.
مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، ئەمڕۆ شاندی پارتی سەردانی سلێمانی دەكات و لەگەڵ یەكێتی كۆ دەبنەوە، هەر ئەمڕۆش واژۆی كۆبوونەوەی كۆتایی لە نێوان شاندی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەڕێوە دەچێت.
چاوڕەش راشیدەگەیەنێت، ئەو رێككەوتنانەی كە پێشتر قسەیان لەسەر كراوە، ئەمڕۆ واژۆیان لەسەر دەكرێت، ئەو كۆبوونەوەیەی كە ئەمڕۆش دەكرێت، بۆ واژۆكردنی رێككەوتنەكەیە نەك گفتوگۆكردن لەسەر پۆستەكان، هەردوولاش لەسەر هەموو شتەكان رێككەوتوون.
ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەڵێت، رێككەوتنەكە لە نێوان نێچیرڤان بارزانی و كۆسرەت ڕەسووڵەوە واژۆ دەكرێت.
مستەفا چاوڕەش ئەوەشی خستە روو، ئەوەی دەمێنێتەوە، حزبەكان كادیری خۆیان دەستنیشان بكەن بۆ ئەو پۆستانەی كە بەریان كەوتووە.
هەڵكەوت محەمەد




