٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پیر دەیان: پەكەكە لە جیاتی دژایەتی با هاوكاریی ئێزدییەكان بكات

سەرچاوە: KDP.info

شنگال-KDP.info- بەرپرسی ئۆفێسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە شنگال ڕایگەیاند، ئەوان بە هەموو توانایەكەوە هاوكارییان گەیاندووەتە لێقەوماوانی كوردانی ئێزدی، چونكە ئێستا ئێزدییەكان زیاتر لە هەموو شتێك پێویستیان بە هاوكاری و كۆمەكە.

ڕۆژی (٢٨\٤\٢٠١٩) لە كاتی پێشكەشكردنی هاوكاری بە خەڵكی شنگال لە‌ لایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ڕێكخراوی كەنیسەی لێبراسكای ئەمەریكاوە، چەكدارانی پەكەكە هەڵیانكوتایە سەر كارمەندان و بەرپرسی ئۆفیسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە شنگال و زیندانییان كردن.

پیر دەیان جەعفەر، بەرپرسی ئۆفێسی دەزگایی خێرخوازیی بارزانی لە شنگال، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕایگەیاند: "لە سەرەتای كۆمەڵكوژیی ئێزدییانەوە بە هەموو توانایەكەوە هاوكاریمان گەیاندووەتە هاووڵاتیانی ئێزدی و تا ئەمڕۆش بەردەوامین، چونكە خەڵكی شنگال و ئێزدیەكان ڕووبەڕووی كۆمەڵكوژییەكی گەورە بوونەتەوە و پێویستیان بە هاوكارییە".

بەرپرسی ئۆفێسی دەزگایی خێرخوازی بارزانی لە شنگال، ئاماژەیشی دا: "لە جیاتی ئەوەی پەكەكە و هاوئاوازەكانی دژایەتیمان بكەن، با بچن هاوكاریی ئێزدییەكان بكەن، چونكە ڕەوشی ئێزدییان پێویستی بە دژایەتیكردن و شەڕ و ناخۆشی نییە، بۆیە دەبێت هەموومان كار بۆ هەڵسانەوەی كوردانی ئێزدی بكەین، كە بەداخەوە پەكەكە بووەتە رێگر لە بەردەم چوونی رێكخراوەكانی تر بۆ شنگال".

 

كــاروان بــاعەدری

 

هەواڵی پەیوەندیدار