٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

روشدی: ھەموو كێشەكان چارەسەر بوون.. ئەمڕۆ لایەنەکان ئامادەبن ئێمە ئامادەین

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- راوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی گوتی، ھەموو كێشەكانی بەردەم پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان چارەسەر بوون، لە ئێستاشدا تەنھا چاوەڕێی یەكێتی دەكرێت بێن و رێككەوتن واژۆ بكرێت. دەشڵێ: "ھیوادارین ھاوشێوەی پارتی، لایەنەكانیش بێنە پێشەوە و ئەو پرسە كۆتایی پێ بێت".

عارف روشدی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پارتی بە واتای وشە بۆ پێكھێنانی حكوومەت ئامادەیە و بە ھیچ شێوەیەك ھۆكاری دواخستنی پێكھێنانی حكوومەت نییە، ئەگەر ئەمڕۆش لایەنەكان ئامادە بن، ئێمە ئامادەین كۆتایی پێ بێنین، بەڵام برادەرانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ھێشتا ئامادە نین و پارتیش بۆ بەرژەوەندیی گشتی خۆڕاگر بووە، ئەگەر نا خەڵك كێشەی ھەیە و كێشەكانیش لە رێگەی حكوومەتەوە چارەسەر دەكرێن، بۆیە داواكارین ھاوشێوەی پارتی، بەرژەوەندیی گشتی لە بەرچاو بگرن و بێنە پێشەوە و لەم رۆژانەدا كۆتایی بەم كێشەیە بێنن".

روشدی گوتیشی: "پێویستە چیتر كات بەفیڕۆ نەدرێت و چیدیكەش ناتواندرێ كات بە لایەنەكان بدرێت، بۆیە چاوەڕێی وەڵامی یەكێتی دەكەین و ئەگەر ئەوان ئامادە بن، رێككەوتنەكە ئیمزا دەكرێت، چونكە ھەموو كێشەكان چارەسەر بوون و رێككەوتنیش كراوە و تەنھا ماوە ئیمزا بكرێت".

دەشڵێ، پرسی زیادكردنی جێگرێكی دیكە بۆ سەرۆكی ھەرێم، یەكلا كراوەتەوە و گۆڕانیش بۆ ئەو پرسە ھاتووەتە پێشەوە و ھیچ كێشەیەك نەماوە، تەنھا ماوە رێككەوتنەكە واژۆ بكرێت و كۆتایی پێ بێت.

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار