نووری حەمە عەلی: پێویستە بەپەلە چارەسەرێک بۆ ناوچە کوردستانییەکان بدزۆرێتەوە
__2019_05_01_h16m15s56__ER.jpg)
کەرکووک-KDP.info- بەرپرسی میحوەری کەرکووک- پردێی ھێزی پێشمەرگە دەڵێ، بە دەرکەوتنەوەی ئەمیری داعش دەرکەوت کە داعش ھێشتا بەھێزە و مەترسیی هەیە، بۆ ڕێگریکردن لە داعش، بەتایبەت لە ناوچە کوردستانییەکان پێویستە چارەسەری بەپەلە بۆ ئەو ناوچانە بدۆزرێتەوە، ئەویش گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگەیە بۆ ئەو ناوچانە.
بەرپرسی میحوەری کەرکوک- پردێ، نووری حەمە عەلی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بنبڕکردنی داعش ئەستەمە، لەبەر ئەوەی لێرە نامێنێت، لە شوێنی دیکە دەردەکەوێتەوە، بۆیە پێویستە لە ڕیشەوە دەربھێندرێت و گۆڕانکاری لە بیرکردنەوەی خەڵکی ناوچەکەدا پێک بێت، چونکە تاوەکو بە شێوازی داعش بیرکردنەوەیان ھەبێت، بنبڕکردنیان ئەستەمە. بۆیە بنبڕکردنی داعش دوو لایەنە، ئەوانیش نەھێشتنی داعش لە ڕووی بیرکردنەوە و نەھێشتنی داعش لە ڕووی سەربازییەوەیە، ئەگەرنا زور زەحمەتەوە بنبڕ بکرێن و بەردەوام دەبن."
نووری حەمە عەلی گوتیشی: "دەرکەوتنەوەی ئەمیری داعش لەم کاتەدا زۆر مانادارە و پێویستە حیسابی جددی بۆ بکرێت، چونکە بە دەرکەوتنەوەکەی نیشانی دا کە داعش ھێشتا ماوە و بەھێزە و مەترسیشە بۆ سەر ھەموو ناوچەکان. پێشتر باس لەوە دەکرا کە داعش نەماوە، ئێستا دیار کەوت کە ھێشتا ماوە."
عەلی باسی لەوەش کرد: "پێویستە بۆ ھەبوونی داعش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان چارەسەرێکی بەپەلە بدۆزرێتەوە. ھەر دوێنێ سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەو ناوچانە کرد، بۆیە ئەگەر پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچانە ڕێگری دەکات لەوەی کە داعش و ھاوشێوەکانی بگەنە ئەو ناوچانە و بنبڕیان دەکات، چونکە پێشمەرگە ئەزمووونێکی باشی لە شەڕی داعش ھەیە و ڕێگە نادات لەوێ تەشەنە بکەن، بۆیە گرنگە چارەسەرییەکی بەپەلە بۆ ئەو ناوچانە بدۆزرێتەوە، ئەگەرنا داعش مەترسییەکی جددیە و کۆتاییی نەھاتووە."
بڵند ئیبراھیم




