٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە دەڤەری سۆران تاپۆكردنی خانوو و زەوی دەست پێدەكاتەوە‎

سەرچاوە: KDP.info

سۆران-KDP.info- دوای وەستانی تاپۆكردنی خانوو و زەویی ھاووڵاتیان بۆ ماوەی چەندین ساڵ، لە ئێستادا قایمقامییەتی قەزای سۆران سەرقاڵی تاپۆكردنی خانوو و زەویی سنوورەكەیە، بەپێی رێنماییەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش، ژمارەیەك گەڕەك تاپۆ دەكرێن.

كرمانج عیززەت، قایمقامی قەزای سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، لە ساڵانی رابردوودا تاپۆكردنی خانوو و زەوی لە ناوچەكەدا سنووردار كرابوو، بەڵام لە ئێستادا بە شێوەیەكی فراوانتر كار لەسەر تاپۆكردنی خانوو و زەویی چەندین گەڕەكی سنووری دەڤەری سۆران دەكرێت.

عیززەت گوتیشی: "لیژنەیەكی ھاوبەش پێك ھێنراوە بە ئەندامیەتیی سەرۆكایەتیی شارەوانی و تۆماری خانووبەرە و لایەنە پەیوەندیدارەكان و بە سەرپەرشتیی ئێمەیە، سەرەتاش لە چەند گەڕەكێكی ناحیەی دیانا دەست پێدەكەین، دواتر ھەموو ئەو گەڕەكانە دەگرێتەوە، كە نەخشەیان بۆ كراوە."

ناوبراو دەشڵێت: "نرخی تاپۆكردنی خانوو بەپێی شوێنەكە دەگۆڕێت، ئێمە بە گوێرەی رێنماییەكان نرخەكان دیاری دەكەین و ئەو زەویانەی بە زێدەڕۆیی لە لایەن ھاووڵاتیانەوە كڕین و فرۆشتنیان پێوە كراوە، لە كاتی گەیشتنی تاپۆ بۆ ئەو گەڕەكانە، كێشەی ئەوانیش یەكلا دەكرێتەوە".

 

سیروان سابیر

هەواڵی پەیوەندیدار