زێباری: دانیشتووانی ٢٠ گوندی شنگال كە ھەموویان داعش بوون، گەڕێندراونەتەوە سەر گوندەكانیان

شنگال-KDP.info- خەڵكی ژمارەیەك گوندی سەر بە شنگال، كە ھەموویان عەرەبن و سەر بە گرووپی تیرۆریستیی داعشن، لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە لە سووریاوە گەڕێندراونەتەوە سەر گوندەكانیان، بەرپرسێكی باڵای سەربازییش دەڵێ، زانیارییان ھەیە كە یەك كەس نەبووە لەو ٢٠ گوندەدا سەر بە داعش نەبووبێت.
بابەكر زێباری، سوپاسالاری پێشووی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "حكوومەتی عێراق خەڵكی ٢٠ گوندی دەڤەری شنگالی لە سووریاوە گەڕاندووەتەوە بۆ عێراق و لەسەر گوندەكانیان جێگیری كردوون، ئەمە لە كاتێكدایە پێشتر ئەوانە لەگەڵ گرووپی تیرۆرستیی داعشدا بوون، خەڵكی ئەو ٢٠ گوندەش ھەموویان داعشن و یەك كەسیان تێدا نییە لەگەڵ داعش نەبووبێت".
سوپاسالاری پێشووی عێراق دەشڵێت: "خەڵكی ناوچەكە زۆربەیان داعشن، ئەگەر راستەوخۆش چەكداری داعش نەبن، ئەوە بە شێوەیەك لە شێوەكان ھاوسۆز و ھاوكاری ئەو گرووپەن".
زێباری ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "پێشتر خەڵكی لە چیچان و یەمەن و وڵاتانی بیانییەوە دەچوونە نێو ریزەكانی داعشەوە، بەڵام ئێستا زیاتر خەڵكی عێراقن و زمان و ھەڵوێستیان دیارە، ھاتن و چوونیان ھەیە و خەڵكێك دەیانپارێزێت، بە بڕوای منیش ناوچەی سێگوشەی سوننەنشین ھەر بەو ئاڵۆزییە دەمێنێتەوە تا گۆڕانكاری بەسەر رەوشی عێراقدا دێت، بۆیە پێویستە حكوومەتی عێراق ھەنگاوی جیدی بنێت بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە".
قائید میرۆ




