٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەخموور.. گەنجانی كورد بەرەنگاری سوپای عێراق بوونەوە

سەرچاوە: KDP.info

مەخموور-KDP.info-  شەوی رابردوو لەنێو بازاڕی مەخموور شەڕ لە نێوان گەنجانی كورد و سەربازانی سوپای عێراقدا دروست بوو، سەرچاوەیەكیش ئاشكرای كرد، گەنجێك بە فیشەكی ھێزە عێراقییەكان بریندار بووە و ژمارەیەك گەنجی دیكەش دەستگیر كراون.

سەرچاوەیەك لە قەزای مەخموور، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، شەوی رابردوو ژمارەیەك سەربازی سوپای عێراق بە ئۆتۆمبێلێكی سەربازی چوونەتە نێو بازاڕی شارۆچكەی مەخموور و دواتر كێشە و دەمەقاڵی لە نێوان گەنجێكی كورد و سەربازانی سوپای عێراق رووی دا و سەربازانی عێراق ویستوویانە ئازاری ئەو گەنجە كوردە بدەن، بەڵام گەنجانی ناو بازاڕی مەخموور ھاتوونەتە دەنگ و ھوتافیان دژی سوپای عێراق گوتووە.

سەرچاوەكە كە نەیویست ناوی ببرێت، دەڵێت: "دواتر ژمارەی چەكدارانی سوپای عێراق بۆ ناو بازاڕی مەخموور زیادی كردووە و سوپای عێراق تەقەی لە گەنجانی ناو بازاڕ كردووە و گەنجێكی كورد بە ناوی (یاسین تەحسین) بە فیشەكی ھێزە عێراقییەكان بریندار بووە".

بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، دوای شەڕەكە ھێزە عێراقییەكان رەشبگیرییان دژی گەنجانی ناو بازاڕ دەست پێكردووە و ١٣ گەنجی كورد لەلایەن سوپای عێراقەوە دەستگیر كراون و تا ئەمڕۆش ئازاد نەكراون.

 

قائید میرۆ

 

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار