هه‌ردوو حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و عێراقی فیدرال كۆده‌بنه‌وه

هەولێر-KDP.info- به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان وێڕای دووپاتکردنه‌وه‌ی پشتگیری له حکوومه‌تی به‌ڕێز عادل عه‌بدولمه‌هدی، جه‌ختی له قه‌واره‌ی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان له ده‌ستووری عێراقدا كرده‌وه و به پێویستی زانی له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌رێم بكرێت و ڕێز له مافه ده‌ستوورییه‌كانی بگیرێت، هه‌روه‌ها پابه‌ندیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی له هاوكاریكردنی به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ڕاگه‌یاند به‌تایبه‌تی ئه‌و بوارانه‌ی كه له به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌موو خه‌ڵكی عێراقدایه.
به‌ڕێزیان دووپاتی كرده‌وه كه هه‌رێمی كوردستان ده‌خوازێت به‌شه‌كانی دیكه‌ی عێراق له‌ڕووی په‌ره‌سه‌ندن و ئابوورییه‌كی باش و باشتركردنی بارودۆخی هه‌موو تاكێكه‌وه به‌ره‌وپێشه‌وه بچێت و له‌مباره‌یه‌وه هاوكاریی هه‌رێمی كوردستانی بۆ به‌غدا نیشان دا.
له کۆبوونه‌وه‌یه‌کی هاوبه‌شی هه‌ردوو حکوومه‌تی فیدرال و هه‌رێمدا که سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 28/4/2019 له هه‌ولێر به‌ڕێوه چوو، شاندی حكوومه‌تی عێراقی فیدرال به سه‌رۆكایه‌تیی به‌ڕێز د. فوئاد حسێن جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیری داراییی عێراق و ئه‌ندامێتیی هه‌ریه‌ك له به‌ڕێزان وه‌زیرانی پلاندانان، كشتوكاڵ، پیشه‌سازی، بازرگانی، ژماره‌یه‌ك له بریكار و ڕاوێژكارانی وه‌زاره‌ته جیاوازه‌كان و شاندی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تیی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیران، ئه‌ندامێتیی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، مه‌سروور بارزانی ڕاوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، ژماره‌یه‌ك له وه‌زیر و ڕاوێژكار و به‌ڕێوه‌به‌ره گشتییه‌كانی وه‌زاره‌ته جیاوازه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌شدار بوون.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و كێشه هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوانیان كرا و هه‌ردوولا جه‌ختیان له پێویستیی بوونی دیالۆگی جددی له‌مباره‌یه‌وه كرده‌وه كه كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆش به‌رده‌وامیی كۆبوونه‌وه‌كانی پێشتر بوو، بۆیه ئه‌نجومه‌نی ئابووریی عێراقی بڕیاری دا كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مجاره‌یان له هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام بده‌ن و له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له بواره‌كانی ئابووری، گومرگه‌كان، كوالێتی كۆنترۆڵ و كۆمه‌ڵێك بابه‌تی دیكه گفتوگۆ بكه‌ن.
هه‌ردوولا جه‌ختیان له كاركردن و جێبه‌جێكردنی ئه‌و بابه‌تانه كرده‌وه كه له به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی عێراق و هه‌رێمی كوردستاندایه كه به‌پێی لێکگه‌یشتنه‌كانی ڕابردوو هه‌ندێكیان كه‌وتوونه‌وه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه و ئه‌وانی دیكه‌ش پێویستی به گفتوگۆی زیاتر و پێكهێنانی لیژنه‌ی تایبه‌ته به‌تایبه‌تی ئه‌و بابه‌تانه‌ی ده‌رهاویشته‌ی یاساییان هه‌یه، له‌مباره‌یه‌وه به پێویست زانرا په‌رله‌مانی كوردستان بڕیاری هه‌موار و جێبه‌جێكردنی یاسا عێراقییه‌كان له هه‌رێمی كوردستان ده‌ربكات.
كۆبوونه‌وه به شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌رێنی و له‌سه‌ر بنه‌مای له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژوه‌ندیی گشتی به‌ڕێوه‌چوو و بڕیاری به‌رده‌وامیی كۆبوونه‌وه‌ی له‌مجۆره و سه‌ردانی شاندێكی وه‌زاره‌تی بازرگانیی هه‌رێمی كوردستان له داهاتوویه‌کی نزیكدا بۆ به‌غدا درا.




