٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"کریستیان داوای دواخستنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەن"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  پێکھاتەکانی کریستیان داوای دواخستنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاکانی عێراق دەکەن و سەرکردەیەکی کریستیانیش دەڵێ، ئەگەر بەو ڕەوشەوە ھەڵبژاردن بکرێت ئەوە گومان دەکەوێتە سەر پڕۆسەکە و پێویستە ڕەوشی ناوچەکە ئاسایی بکرێتەوە، بەر لەوەی ھەڵبژاردن بەڕێوە بچێت.

عەبدولئەحەد ئەفرام، سکرتێری حزبی یەکێتیی دیموکراتی کلدانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە وەک کریستیانەکان ئەمساڵ لەگەڵ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاکانی عێراقدا نین، چونکە ڕەوشی ھەندێ ناوچەی عێراق گونجاو نییە بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردن، بەتایبەتی چوار پارێزگای کەرکووک و مووسڵ و ئەنبار ھێشتا ڕەوشەکەیان ئاسایی نەبووەتەوە و خەڵکی ئەو پارێزگایانە ئاوارەن."

ئەو سەرکردەیەی کلدان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئەگەر لە ڕەوشێکی وەھادا لەو ناوچانە ھەڵبژاردن بکرێت، ئەوە ئێمە گومان دەخەینە سەر پڕۆسەکە، چونکە گومان ھەیە وەک ھەڵبژاردنەکانی ڕابردوو ھەندێ ھێز و لایەن لە دەشتی نەینەوا لە بەرژەوەندیی خۆیاندا دەست وەردەنە پڕۆسەی دەنگدان. جگە لەوەش، ھێشتا ژمارەیەکی زۆری کریستیان لە ھەرێمی کوردستان وەک ئاوارە ماون و نەگەڕاونەتەوە شوێنەکانیان."

عەبدولئەحەد ئەفرام گوتیشی: "ئێمە وەک گەلانی کلد و ئاشوور و سریان بەگشتی بە پەسەندی نازانین پڕۆسەی ھەڵبژاردن ئەمساڵ بەڕێوە بچێت، لەو چوارچێوەیەدا داوای خۆمان دەگەیەنینە کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراقیش، کە کریستیان لەگەڵ دواخستنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنن و بەپێچەوانەوە زیانی بۆ ئێمە دەبێت."

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار