"لە دھۆک ماستەرپلان بۆ زیاتر لە ٢٠٠ شوێنی گەشتیاری ئامادە کراوە"
__2019_04_28_h15m29s37__ER.jpg)
دھۆك -KDP.info- بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری دھۆک پێشبینی دەکات ئەمساڵ ٥٠٠ ھەزار گەشتیار سەردانی دھۆک بکەن و بەرپرسێکی بەڕێوەبەرایەتییەکەش دەڵێ، پلان ھەیە بۆ جێبەجێکردنی ژمارەیەک پڕۆژەی گەشتیاریی گرینگ.
شەمال ھرووری، بەڕێوەبەری پشکنینی گەشتوگوزاری دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە سنووری پارێزگای دهۆک ماستەرپلان بۆ زیاتر لە ٢٠٠ شوێنی گەشتیاری دانراوە و بڕیارە ژمارەیەک پڕۆژەی ستراتیژیی گرینگ لە دھۆک جێبەجێ بکرێن، لەوانەش پڕۆژەی تەلەفریکی چیای گارە و چەندین پڕۆژەی دیکە لە زاخۆ، ئامێدی و ھەموو ناوچەکانی دھۆک."
بەرپرسەکەی گەشتوگوزاری دھۆک گوتیشی: "پلانمان ھەیە بۆ کردنەوەی پێشانگەیەکی نێودەوڵەتیی گەشتیاری لە دھۆک، بەڵام کاتەکەی دیاری نەکراوە، دەمانەوێ لە دھۆک بازاڕکردن بەھێزتر بکەین، بەتایبەتی کردنەوەی پێشانگەکان."
شەمال ھرووری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ساڵی ڕابردوو ٤٠٠ ھەزار گەشتیار لە ناوچەکانی دیکەی عێراق و دەرەوە سەردانی پارێزگای دھۆکیان کردبوو، بەپێی ئەو پلانەی وەزارەتی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان ئامادەی کردووە، پێشبینی دەکەین ئەمساڵ ژمارەی گەشتیاران بۆ پارێزگای دھۆک بۆ ٥٠٠ ھەزار گەشتیار زیاد بکات."
قائید میرۆ




