هەڵەبجە.. كۆلێژی زانستە پراتیكییەكان فێستیڤاڵی زانستیی ساز كرد

هەولێر-KDP.info- لە پارێزگای هەڵەبجە، كۆلێژی زانستە پراتیكییەكان فێستیڤاڵێكی بۆ بەرهەمە خۆراكی و ژینگەیی و زانستی و نەوت و چۆنیەتیی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ بۆ بەرهەمە دەستییەكانی قوتابیان ساز كرد.

هەژار جەلال، ڕاگری كۆلێژی زانستە پراتیكییەكانی پارێزگای هەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی كۆلێژی زانستە پراتیكییەكانی هەڵەبجە، بە دروشمی ژینگەیەكی سەوز، كشتوكاڵێكی تەندروست زامنی تەندروستیمانە، فێستیڤاڵێكی كشتوكاڵی و تەندروستی و ژینگەییمان ساز كرد، كە تێیدا بەرهەمی دەستیی قوتابیان نمایش كرا".
جەلال گوتیشی: "فێستیڤاڵەكە پێك هاتووە لە سێ بەش، كە بریتین لە بەشەكانی سەرچاوە سرووشتییەكان، بەشی كشتوكاڵ و خۆراك و باخداری و دیمەنی سرووشتی".

دیمەن محەممەد، قوتابیی بەشداربووی فێستیڤاڵەكە، لای خۆیەوە گوتی: "ڕێكخستنی ئەم جۆرە فێستیڤاڵە بۆ بەرهەمی سرووشتیی قوتابیان زۆر گرنگە، كە ئێستا بەرهەمی دەستی خۆمان لەم فێستیڤاڵەدا نمایش دەكەین، هیواداریشین ئەم جۆرە چالاكیانە ئەنجام بدرێن و قوتابیان هان بدرێن هەوڵی زیاتر بدەن بۆ توێژینەوە لە كارەكانیاندا، كە بەشەكەی ئێمە زیاتر گرنگی بە سەوزكردن دەدات و چەندین جۆر گوڵمان نمایش كردوون".
هێڤیار هەڵەبجەیی




