نێچیرڤان بارزانی: سازدانی ئەم كۆبوونەوەیە، بەڵگەی ئەوەیە كە بڕوامان بە چارەسەری كێشەكان ههیه

هەولێر-KDP.info- سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان، بە گرنگی دەزانێت چوارچێوەیەكی ھاوبەش لە نێوان ھەرێمی كوردستان و عێراقی فیدراڵ بۆ كاركردن دروست بكرێت.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان، لە میانی كۆبوونەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و لیژنەی ئابووریی عێراق، ڕایگەیاند، پێشتر لێژنەی ئابووری كە بڕیار لە ئابووریی عێراق دەدات، لە كوردستان كۆنەدەبوونەوە، بەڵام ئێستا ھاتوونەتە ھەرێمی كوردستان، بۆیە ئەو بڕیارەی بە گرنگ لێكدایەوە و ڕایگەیاند: "سازدانی ئەم كۆبوونەوەیە، بەڵگەی ئەوەیە كە بڕوامان بە چارەسەری كێشەكانە لە ڕێگەی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنەوە".

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "دەبێ ھەموو پرسەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدراڵ بە گفتوگۆ و لەسەر بنەمای دەستووری عێراق چارەسەر بكرێن. ئەو برایانەی كوردستان كە لە حكوومەتی عێراقدا بە سەرۆكایەتیی برامان عادل عەبدولومەھدی بەشدارن، ڕۆڵێكی گرنگ دەبینن لە چارەسەركردنی كێشەكاندا".
سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان، رێككەوتنی لەسەر یەكخستنی ڕسومات بە ھەنگاوێكی گرنگ بۆ برەودان بە سیاسەتی ھاوبەش لە قەڵەم دا و ڕایگەیاند: "گرنگ دروستكردنی بنەما و چوارچێوەیەكە بۆ كاركردن لە نێوان ھەولێر و بەغدادا، ھەرچەندە دەزانین لە جێبەجێكردن و شرۆڤەكاندا ھەندێك كێشە ھەیە، ئەركی ئێمەیە كە بە گیانی ھەماھەنگیی ھاوبەش ئەو ئاستەنگانە تێپەڕێنین. ھەوڵ دەدەین كێشەكانی نەوت و ناوچە كێشەلەسەرەكان و كۆمەڵێكی زۆری یاساكان كە سیستەمی فیدراڵیی وڵات ڕێك دەخەن، چارەسەر بكەین".





