٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. بێوار: پێویستە بنەمایەك بۆ ئیدارەدانی كەرتی نەوت و گاز دابنرێت

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر-KDP.info- ڕاوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان بۆ كاروباری وزە دەڵێ، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئامادەیە سەرجەم كێشەكانی لەگەڵ بەغدا چارە بكات، لەوانە نەوت و گاز، بە مەرجێك گەرەنتی بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكان ھەبێت و بنەمایەك بۆ ئیدارەدانی كەرتی نەوت دابنرێت.

 

سامر غەزبان، وەزیری نەوتی عێراق، بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، بەغدا بەم زووانە لەگەڵ حكوومەتی ھەرێمی كوردستانی كۆ دەبێتەوە بۆ گفتوگۆ لەبارەی پرسی نەوت و بودجەوە، چونكە تاوەكو ئێستا گفتوگۆی فەرمی لەسەر ئەو پرسانە نەكراوە.

 

لەو بارەیەوە، ڕاوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان، د. بێوار خنسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، دوای ھاتنی سەرۆكوەزیرانی نوێی عێراق بۆ سەر دەسەڵات، ئامادەییی خۆی نیشان داوە ھەموو كێشەكان لەگەڵ بەغدا چارە بكات، لەوانە كەرتی نەوت، بە مەرجێك گەرەنتی ھەبێت بۆ جێبەجێكردنی داواكاریی كورد و ئەو ڕێككەوتنانەی دەكرێن لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا، بۆیە ئەگەر حكوومەتی نوێ دروست كرا، ئەو كات گفتوگۆی نوێ لە نێوان ھەرێم و بەغدا دەست پێ دەكات".

 

خنسی گوتیشی: "پێویستە سەرجەم كێشەكان پێكەوە چارە بكرێن، نەك تەنیا نەوت، وەك كێشەی بودجە و پێشمەرگە و ناوچە كوردستانییەكان و سەرجەم كێشەكانی دیكە، چونكە تا ئێستا لە ناوچە كوردستانییەكان تەعریب دەكرێت و كەرتی نەوتی عێراقیش زۆر بە خراپی بەڕێوە دەچێت و یاسای نەوت و گاز نییە، بۆیە ھەمووان گلەیی لە شێوازی بەرێوەبردنی نەوت و گاز دەكەن".

 

د. بێوار باسی لەوەش كرد: "حكوومەتی عێراق زۆر جار بێ ھەرێمی كوردستان ھەنگاو دەنێت، بۆ وێنە لە دانانی كۆمپانیای نیشتمانیی سۆمۆ كە نوێنەری ھەرێمی تێدا نییە، بۆیە ناكرێت ھەر باسی ڕادەستكردنی ٢٥٠ھەزار بەرمیل نەوت بكرێت بە بەغدا، بەڵكو پێویستە حكوومەتی عێراق حیساب بۆ ھەرێمی كوردستان بكات، كە ئەوە زۆر گرنگە، هەروەها پێویستە بنەمایەك بۆ ئیدارەدانی نەوت دابنرێت و حكوومەتی هەرێم تێیدا بەشدار بێت، نەك تەنیا ئێمە نەوت ڕادەستی ئەوان بكەین".

 

د. خنسی دەشڵێ: "پێویستە لیژنەیەكی ھاوبەشی شارەزا لە نێوان ھەردوولادا ھەبێت و دوور لە فشاری سیاسی كاری خۆی بكات و گفتوگۆ لەبارەی كەرتی نەوتەوە بكەن، بە جۆرێك كە لەگەڵ سیستمی فیدراڵیدا بگونجێت و ھەركەسێك بێتە سەر دەسەڵات، نەتوانێ گۆڕانكاریی تێدا بكات، ئەگەر نا زۆر زەحمەتە بە شێوەی كاتی كێشەكان چارەسەر بكرێن".

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار