٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"ئەرمەن لە کوردستان یادی جینۆسایدکردنیان دەکەنەوە"

سەرچاوە: KDP.info

 

زاخۆ-KDP.info- ئەرمەنەکانی ھەرێمی کوردستان سەدەیەکە بەھۆی سیاسەتی پاکتاوکردنیان لە باشووری کوردستان نیشتەجێن و یادی جینۆسایدکردنیان دەکەنەوە، کەسایەتییەکی ئەرمەنیش ئاشکرای کرد، ھەموو مافەکانیان دابین کراوە و ژمارەیەک پەرستگاشیان لە لایەن حکوومەتی ھەرێمەوە بۆ دروست کراوە.

 

یەروانت نیسان، کەسایەتیی ئەرمەن لە ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "جینۆسایدی ئەرمەنەکان لە ھەشتسەدەکانەوە دەستی پێ کردووە و تێیدا یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار ھاووڵاتیی ئەرمەن بوونەتە قوربانی، بۆ یەکەم جار جینۆساید لە جیھاندا بەرامبەر بە گەلی ئەرمەن و جوولەکە بەڕێوە چووە و لە سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانیدا گەورەترین جینۆساید بەرامبەر بە گەلی ئێمە کراوە."

 

ئەو کەسایەتییەی ئەرمەن دەڵێت: "گەورەترین پڕۆسەی جینۆساید لە ٢٤ی نیسانی ١٩١٥ و ڕۆژانی دواتر کراوە، ھەرئەوەش وای کرد نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی ٢٤ی نیسانی ھەموو ساڵێک وەک ڕۆژی جینۆسایدی ئەرمەنەکان زیندوو بکرێتەوە و ساڵانە ئێمە لەو بۆنەیەدا چالاکی بەڕێوە دەبەین."

 

دەربارەی ھاتنی ئەرمەنەکان بۆ ھەرێمی کوردستان، نیسان گوتی: "دوای ١٩١٥ زۆربەی گەلی ئەرمەن لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی کۆچیان کرد و بەسەر وڵاتانی دەوروبەردا بڵاوەیان پێ کرا، ئێمە ئەوکات خەڵکی دەڤەری شەرناخی باکووری کوردستان بووین، بەهۆی نزیکایەتییەوە ئاوارەی زاخۆ بووین و تا ئێستا لە زاخۆ نیشتەجێین."

 

ئەو کەسایەتییەی ئەرمەن، کە پێشتر ئەندامی پەرلەمانی کوردستانیش بوو، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئێستا سەرووی سێھەزار ئەرمەن لە ھەرێمی کوردستان ھەن، بەشێکیان لە شاری ھەولێر نیشتەجێن و بەشی سەرەکیشیان لە زاخۆیە. لە ھەرێمی کوردستان ھەموو مافە ئایینی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەکانمان دابین کراوە و ژمارەیەک پەرستگا لە زاخۆ و دھۆک و عەنکاوە بۆ گەلی ئەرمەن لەسەر ئەرکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دروست کراوە."

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار