بە چاودێریی نەتەوەیەكگرتووەكان، ھەرێم و بەغدا گفتوگۆ بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك دەكەن

كەركووك-KDP.info- جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك _ گەرمیانی پارتی رایگەیاند، سەرۆك بارزانی و سەرۆكوەزیران و مەكتەبی سیاسیش، لەگەڵ سەرۆكی حكوومەت و سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە چاودێریی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك لەسەر هێڵن و ئێستاش كار بۆ داڕشتنی بەرنامەیەك دەكرێت.
دیاری حوسێن، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "پارێزگاری كەركووك بە وەكالەت داوای لە حكوومەت كردووە، كە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك سڕ بكات بۆ ئەوەی پارەی كەركووك بە ئارەزووی خۆی بۆ تەعریبكردن خەرج بكات و بۆ مەرامی خۆی بەكاری بێنێت، بەڵام ئەستەمە سەركەوتوو بێت، چونكە رێگە نادرێت ئەو كارە بكرێت".
حوسێن گوتیشی: "ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ناتوانێت كۆببێتەوە تاوەكو دۆخی شارەكە ئاسایی نەبێتەوە و دەستەڵاتی سەربازیش لەو شارە نەمێنێت و پێشمەرگە بگەڕێتەوە، بۆیە ھەوڵ دەدرێت دۆخی شارەكە ئاسایی بكرێتەوە و گفتوگۆی بەردەوام ھەیە".
ناوبراو هەروەها باسی لەوەش كرد: "سەرۆك بارزانی و سەرۆكی حكوومەت و مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق و سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق قسەیان كردووە بۆ ئەوەی كێشەی ئەو ناوچانە و تەعریبكردن چارەسەر بكرێت، بۆیە ھەوڵەكان بەردەوامن و ئەو كێشانە چارەسەر دەبن، چونكە دانیشتنی بەردەوام ھەیە و نەتەوەیەكگرتووەكانیش لەسەر خەتن بۆ ئەوەی بتوانن ئەو كێشانە چارەسەر بكرێن".
دەشڵێ، لە ئێستادا گفتوگۆكان بەو ئاڕاستەیەن، كە بەرنامەیەك داڕێژن بۆ ئەوەی ھەموو لایەك لەسەری بگەنە رێككەوتن.
بڵند ئیبراھیم




