٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سێ پێشنیازی نوێ بۆ دۆخی ڕۆژئاوای كوردستان دەخرێنە ڕوو

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ھەوڵی چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكانی رۆژئاوای كوردستان دەدرێت و، بۆ ئەم مەبەستەش بزاڤی ئاشتیخوازیی ناوخۆیی لە شاری هەولێر دیدارێكی لەبارەی پڕۆژەی سیاسیی رۆژئاوای كوردستانەوە رێك خست.

مووسا كه‌ڤاڵ، سەرۆكی بزاڤەكە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پڕۆژەیەكی تێروتەسەل لەبارەی دۆخی ڕۆژئاوای كوردستان ئامادە كراوە و بڕیارە ئەم پرۆژەیە بدرێتە دەست ھێز و لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان، كە پڕۆژەكە بەناو خەڵكی سڤیل و كەمپەكانیشدا دابەش دەكرێت و ناوەڕۆكەكەشی سەرجەم ئەو خاڵانەی تێدایە كە چارەسەری دۆخی رۆژئاوای كوردستان دەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا سێ پێشنیازی نوێ بۆ دۆخی ڕۆژئاوای كوردستان دەخرێتە ڕوو، كە یەكێكیان دروستكردنی ئەنجوومەنێكی مەدەنییە بۆ ئاشتەوایی ناوخۆ لەگەڵ دروستكردنی زەمینەی دیالۆگ لە نێوان ھێزە سیاسییەكاندا، دووەمیش بریتییە لە ناردنی شاندێك بۆ ڕۆژئاوای كوردستان تا لەگەڵ ھێزە سیاسییەكان گفتوگۆ بكەن و، سێیەمیش دیالۆگێكی نیشتمانی ئەنجام بدرێت و لەوێ گرفتەكان باس بكرێن".

كه‌ڤاڵ دەشڵێ: "هیوادارین گۆڕانێكی ئەرێنی لە رەوشی سیاسیی رۆژئاوای كوردستاندا دروست ببێت، بە تایبەتی لە نزیكبوونەوەی نێوان تەڤدەم و ئەنەكەسە".

لەو دیدارەدا كە بۆ چارەسەری كێشەی سیاسیی رۆژئاوای كوردستان لە ھەولێر بەڕێوە چوو، نزیكەی 70 كەس لە كەسایەتیی سیاسی و چالاكوان و رۆشنبیری ھەر چوار پارچەی كوردستان بەشدارییان كردبوو. بڕیاریشە كۆمیتەیەك پێك بھێنرێت بۆ ئەوەی گفتوگۆ لە نێوان لایەنە ناكۆكەكاندا دەست پێبكات.

 

كارزان سەباح ھەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار