٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەعید ھەركی: راپۆرتی دەستەی دەستپاكی لاوازە و بانگھێشتی پەرلەمان دەكرێن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان گوتی، راپۆرتی دەستەی دەستپاكیی ھەرێمی كوردستان لاواز بووە و كەموكوڕی تێدا بووە و تەنھا باسی گەندەڵیی ھەولێری كردووە بە بێ ئەوەی گەندەڵییەكە ڕوون بكاتەوە، بۆیە بانگھێشتی پەرلەمان دەكرێن و داوای ڕوونكردنەوەیان لێ دەكرێت.

سەعید ھەركی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە وەكو لیژنەی دەستپاكی ھەڵسەنگاندنمان بۆ راپۆرتی دەستەی دەستپاكی كردووە و بە راپۆرتێكی لاوازمان دانا، ئەمەش بۆ چەند ھۆكارێك دەگەڕێتەوە، لەوانە رەنگە دەستەی دەستپاكی ھەندێك موعاناتی ھەبێت و ئاستەنگ لە بەردەمیان ھەبێت و پێویستە بە ھەماھەنگی لەگەڵ پەرلەمان چارەسەر بكرێن، جگە لەوە خۆشیان نەیانتوانیوە رۆڵی خۆیان ببینن، چونكە باسی ئەوە دەكەن ٢٧٤ ملیار دینار لە ھەولێر بە گەندەڵی بەھەدەر دراوە و لەو پارەیەش ٣٦ملیار دینار گەڕێندراوەتەوە، بەڵام باسیان لەوە نەكردووە ئەمە چۆن بەھەدەر دراوە، بۆیە پێویست بوو ھەموویان ڕوون كردبایەوە و ناكرێت بەو شێوەیە و بێ ڕوونكردنەوە قسەیان بكردایە".

ھەركی گوتیشی، لە پەیڕەوی دەستەی نەزاھەدا چوار بەشهەن، كە گرنگترینیان شەفافیەتە، بەڵام ئاماژەیان پێ نەكردووە، بۆیە كەموكوڕیی زۆر لە راپۆرتەكەدا هەبووە.

ناوبراو ئاماژەشی دا: "ئەوان باس لەوە دەكەن كە لە ھەولێر گەندەڵیی زۆر كراوە و لە سلێمانی گەندەڵی كەمە، لە كاتێكدا لە سلێمانی كۆمەڵێك پڕۆژە ھەیە كە گەندەڵیی زۆریان تێدا كراوە و باس نەكراون، بۆیە خۆم داوام لە سەرۆكی دەستە كردووە پێویستە ڕوونكردنەوە بدەن و ناكرێت باسی گەندەڵیی ھەولێر بكرێت و باسی سلێمانی نەكرێت، لە كاتێكدا دیارە دەستە تەنھا ھەماھەنگی لەگەڵ دەزگاكانی ھەولێر ھەیە و لەگەڵ سلێمانی نیەتی و گەندەڵیی سلێمانی تەنھا بە ٣٢ملیار خەمڵێندراوە".

جێگری سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی لە  پەرلەمانی كوردستان ڕوونیشی كردەوە: "بە ھۆی لاوازیی راپۆرتی دەستەی نەزاھە و ئەو كەموكوڕیانەی لە راپۆرتی ئەواندایە، داوامان لە سەرۆكایەتیی پەرلەمان كردووە بانگھێشتی  دەستەی دەستپاكیی ھەرێمی كوردستان بكرێت، بۆ ئەوەی ڕوونكردنەوەی پێویست بدەن".

 

بڵند ئیبراھیم 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار