"بڕیاری ئەنجامدانی نەشتەرگەری بە نرخی ھەرزانتر لە كەرتی تایبەت كەوتووەتە واری جێبەجێكردنەوە"
__2019_04_24_h15m49s37__ER.jpg)
هەولێر-KDP.info- لە ھەرێمی كوردستان ٧٦ نەخۆشخانەی گشتیی سەر بە حكوومەت ھەن و لە مانگی ڕابردوودا بە بڕیارێكی وەزارەتی تەندروستی، نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەكانی حكوومەتدا بە نرخی كەمتر لە نەخۆشخانە ئەھلییەکان ڕاگەیاندرا. گوتەبێژی وەزارەتەكەش دەڵێ، بڕیارەکەیش کەوتە واری جێبەجێ کردنەوە.
دكتۆر خاڵس قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بەھۆی ھەبوونی ژمارەیەكی زۆر و پێویستی نەشتەرگەری، پێشتر وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاری دا نەشتەرگەری بۆ نەخۆش لە دانی ئێوارانیشدا بکرێت، لەبەر ئەوە ئێستا بڕیارەكەی وەزارەت وەك خۆی بۆ نەشتەرگەری لە دانی ئێواراندا جێبەجێ دەكرێت".
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت: "نرخی ئەو نەشتەرگەرییانەی دانی ئێوان لە نەخۆشخانەكانی حكوومەتدا دەکرێن، بە بەراورد لەگەڵ ھەمان نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەیەكی ئەھلیدا زۆر كەمترە."
دكتۆر خاڵس قادر ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "نەشتەرگەریی ئێواران لە ھەموو نەخۆشخانە گشتییەكانی سەر بە حكوومەت دەکرێت و ھاووڵاتییان لەو بڕیارەی وەزارەت سوودمەندن، لەبەر ئەوەی دوای كاتژمێر ٢ی نیوەڕۆ بە نرخێكی گونجاو نەشتەرگەرییان بۆ دەكرێت".
لەبارەی نرخی پشكنین و تیشك و گشت خزمەتگوزارییەكانی تەندروستی، قادر گوتی: "جگە لە نەشتەرگەری، ھەموو پشكنین و تیشكەكان لە دانی ئێواران بە نرخی كەمتر لە كەرتی تایبەت لە نەخۆشخانەكانی حكوومەتدا دەكرێن".
قائید میرۆ




