٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

45 ساڵ بەسەر كارەسات و بۆردوومانی قەڵادزێدا تێپەڕی

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ 45 ساڵ بەسەر كارەسات و بۆردوومانی شاری قەڵادزێدا تێدەپەڕێ، كە لە ٢٤-٤-١٩٧٤ فڕۆكە جەنگییەكانی حكوومەتی ئەوسای عێراق بۆردوومانی شارەكەیان كرد كە لە ئەنجامی بۆمبارانەكە 163 هاووڵاتی و 20 خوێندكارى زانكۆ شه‌هید بوون، ئه‌و رۆژه‌ش به‌ ڕۆژی (شەهیدانی زانكۆ)، دیارى كرا.

هیوا گەیلانی، بەرپرسی لقی 11ی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ ساڵیادی بۆمبارانكردنی قەڵادزێ‌ و لە هەمان كاتدا ساڵیادی ڕاپەرینە جەماوەرییەكەی شارەكەیە، ئەو پێی وایە گەورەترین كارەست بوو لەوكاتەدا، كە تێیدا شارێك و زانكۆ تاقانەكەی كوردستان خەڵتانی خوێن كران.

ناوبراو دەشڵێت، كۆمەڵگای نێودەوڵەتی نەهاتە دەنگ، ئەمەش بە هۆی بەرژەوەندیی وڵاتانی ئەوكات بوو بۆ عێراق، ناوبراو هۆكاری بۆردوومانكردنەكەش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە ئەوكات قەڵادزێ ببووە مەكۆی شۆڕشی ئەیلوول و زانكۆ تاقانەكەی كوردستانیش گواسترابۆوە قەڵادزێ و كۆمەڵێك دامودەزگای شۆڕش ئەوكات لە شارەكە بوون.

گەیلانی پێی وایە، كارەساتەكە هێندە گەورە بوو، بووە جێگای بایەخی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامە بەناوبانگەكانی جیهان، هەروەها لەلایەن سەرۆك و باوكی ڕوحیی نەتەوەییمان (بارزانــیی نەمــر) ئەم ڕۆژە بە ڕۆژی (ماتەمینی گەلی كوردستان ) ناوزەد كرا.

ئەمڕۆش بە ئامادەبوونی وەزیری شەهیدان و بریكاری وەزیری شەهیدان، ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان و عێراق، حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، كەسوكاری شەهیدان، یادەكە لە گۆڕستانی قەڵادزێ كرایەوە و تاجەگوڵینە لەسەر گۆڕی شەهیدەكان داندرا.

گه‌یلانی په‌یا‌می بۆ حكوومه‌ت و په‌رله‌مانی كوردستانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی گرنگیی زیاتر بەو دەڤەرە بدەن، كە لە ئاستی خۆڕاگری و مێژووی پڕ سەروەریی ئەم دەڤەرە بێت، بە تایبەتی :-

• بە نێودەوڵەتیكردنی مەرزی كێلێ.

• تەواوكردنی دووسایدی نێوان ڕانیە و قەڵادزێ.

• تەرخانكردنی بودجەیەكی تایبەت و شیاو بۆ ئاوەدانكردنەوەی زیاتری سنوورەكە.

هەروەها ناوبراو، داوا لە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق و كوتلە كوردییەكانی بەغدا دەكات، كە ئەوان لەوێ كار لەسەر ئەوە بكەن 24-4 بە جینۆساید بناسرێ و قەرەبووی دەڤەرەكە و زیانلێكەوتووان بكرێتەوە.

بۆمبارانی قەڵادزێ‌

24-4-1974 كاتژمێر 9ی بەیانی، فڕۆكە جه‌نگیه‌كانی حكوومەتی ئه‌وسای عێراق، بۆمبارانی شارەكەیان كرد و لە ئەنجامی بۆمبارانەكەش 163 هاووڵاتی شەهید بوون، كە لەناویاندا 20یان قوتابیی زانكۆ بوون، هەروەها بووە هۆی برینداربوونی زیاتر لە 200 هاووڵاتی و بە دەیان خانوو و دوكانیش لەگەڵ زەویدا تەخت بوون.

 

هەڵكەوت محەمەد

هەواڵی پەیوەندیدار