فازڵ میرانی بۆ KDP: هەمووان كۆكین.. پێكهێنانی حكوومەت تەنیا 10%ـی ماوە

ھەولێر-KDP.info- سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی رایگەیاند، بەم زووانە كۆبوونەوە بۆ تەواوكردنی پێكهێنانی حكوومەت دەكرێـت و تەنیا 10%ـی ماوە، بۆیە لە هەفتەی داهاتوودا كۆبوونەوەی لەسەر دەكرێـت و كابینەی نوێی حكوومەت پێك دێت.
فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە لێدوانێكی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "سبەی پێنجشەممە 25/4/2019 كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكرێـت، تەوەری كۆبوونەوەكەش گفتوگۆكردنە لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتەوە".
میرانی گوتیشی: "قۆناغی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستان 90%ـی بە كۆتا گەیشتووە و هەمووان كۆكین و تەنها 10%ـی ماوە، كە لە هەفتەی داهاتوودا كۆبوونەوەی لەسەر دەكرێـت و كابینەی نوێی حكوومەت پێك دێت".
فازڵ میرانی هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد: "ئێمە سوپاسی خۆڕاگری و دڵسۆزیی خەڵكی كوردستان دەكەین لەوەی چاوەڕوانیی زۆریان كێشا بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت، بەڵام حكوومەتی نوێ بۆ خرمەتكردنی هاووڵاتیان و باشتركردنی گوزەرانیان پێك دێت".
سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دەشڵێت: "ئێمە قوربانیمان داوە و خەباتمان كردووە لە پێناو بەدیهێنانی حكوومەت و خزمەتكردنی خەڵكدا، بۆیە خەڵكی تر هەرچییەك باس دەكات بۆ بەشداریكردن لە حكوومەتدا، بۆچوونی خۆیەتی و لە روانگەی حزبەكەیەتی، ئێمەش بەردەوام دەبین لە بەهێزكردنی هەرێمی كوردستان".
هـۆزان سەمەد




