٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کرمانج عەبدوڵڵا: لەبارەی کێشەی گوندەکانی سەرگەڕان راپۆرتێکمان داوەتە سەرۆکوەزیران

سەرچاوە: KDP.info

سەرگەڕان-KDP.info- بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مەخموور گوتی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خۆی لەسەر کێشەی گوندەکانی سنووری سەرگەڕان ھاتووەتە سەر خەت و ئەمڕۆ ڕاپۆرتێکیان ئاراستەی کردووە لەبارەی کێشەی ئەو ناوچانە و بڕیارە خۆی کێشەکە لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات، چونکە بە ھیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێت غەدر لە کوردانی ئەو ناوچانە بکرێت.

کرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مەخموور، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کێشەی گوندەکانی سنووری سەرگەڕان ھێشتا بەردەوامە و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش داوای ڕاپۆرتێکی لە ئێمە کرد سەبارەت بەو کێشەیە و خۆی ھاتووەتە سەر خەت و ئێمەش ئەمڕۆ ڕاپۆرتێکمان ئاراستەی جەنابیان کرد و زانیاریی تەواومان  پێ دا، چونکە غەدرێکە پارێزگاری ناشەرعیی کەرکووک لە خەڵکی کوردی دەکات، لەبەر ئەوەی بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی نابێ تەداخول لە ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ بکرێت، بەڵام دادگای ئاساییی کەرکووک لەسەر داوای پارێزگاری کەرکووک داوا لە کوردەکان دەکات گوند و زەوییەکانیان چۆڵ بکەن."

کرمانج عەبدوڵڵا گوتیشی: "دەیانەوێت سەرجەم گوندەکانی سنووری سەرگەڕان لە لایەن کوردەوە چۆڵ بکرێن و ڕادەستی عەرەب بکرێنەوە و ئەو ناوچانە تەعریب بکرێن، بەڵام سەرۆکی حکوومەت ھاتووەتە سەر خەت بۆ ئەوەی لەگەڵ بەغدا ئەو کێشەیە چارەسەر بکات، چونکە بە ھیچ جۆرێک ڕێگە بە دووبارەبوونەوەی تەعریب نادرێت، چونکە کوردانی ئەو ناوچانە تاپۆی سەردەمی عوسمانییەکانیان ھەیە و ناکرێت تەعریبچی بێن لێیان وەرگرنەوە، بۆیە پارتی ئەمە قبووڵ ناکرێ و ڕێگریی لێ دەکرێت."

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار