"تونێلێکی گەورە لە دھۆک دروست دەکرێت"
__2019_04_23_h16m2s2__ER.jpg)
دهۆک-KDP.info- بڕیارە چیای مەتینای پارێزگای دھۆک بکرێتە تۆنێل و، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێگاوبانی دھۆکیش دەڵێ، دیزاینی پڕۆژەکە ئامادە کراوە و چاوەڕێی ڕەزامەندیی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانین.
ئەندازیار خەدیجە محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێگاوبانی دھۆک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێش قەیرانی دارایی بڕیار بوو تۆنێلێک لە چیای مەتین دروست بکرێت و دیزاینی پڕۆژەکەشمان ئامادە کردبوو، بەڵام دواتر شەڕی داعشی بەسەردا ھات و ڕاگیرا. ئێستا جارێکی دیکە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران داوای دیزاینی تۆنێلەکەی کردووە و ئێمەش دیزاینی پڕۆژەکەمان ڕەوانەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران کردووە بۆ پەسەندکردنی."
بەڕێوەبەری گشتیی ڕێگاوبانی دھۆک دەڵێت: "تۆنێلی چیای مەتین چوار کلیۆمەتر زیاترە و پارێزگای دھۆک بە تورکیاوە دەبەستێتەوە لە ڕێگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی سەرزێڕێوە، واتە ڕێگاکە زۆر ئاسان و کەمتر دەکاتەوە بۆ باکووری کوردستان و شارەکانی وڵاتی تورکیا."
محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "تونێلی مەتین بە شێوەیەکی سەردەمییانە دروست دەکرێت، مەبەست لە دروستکردنی بۆ دوو ئامانجە، یەکەم ناحیەی کانی ماسی سنوورێکی بەرفراوانی ھەیە و ناوچەیەکی دەوڵەمەندی سنوورییە و پێویستی بە ڕێگایەکی باش ھەیە، دووەم ڕاستە دەروازەی سەرزێڕێ نێودەوڵەتییە، بەڵام بڕیارە بکرێتە بازرگانی و پێویستی بە ڕێگایەکی نزیکی فراوان ھەیە کە بەپێی ستانداردی جیھانی بێت."
ئەندازیار خەدیجە محەمەد ڕوونی کردەوە: "ئێمە چاوەڕێی وەڵامی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانین، ھەرکات پارە تەرخان کرا و ڕەزامەندی گەڕایەوە، دەست بە پڕۆژەی تۆنێلی چیای مەتین دەکەین."
قائید میرۆ




