٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. ئەحمەد بۆ KDP: ساڵی رابردوو ٣٠ كەس بە تۆمەتی گەندەڵی حوكم دراون

سەرچاوە: KDP.info
 
هەولێر-KDP.info- ساڵانە بە تۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵییەوە دەیان كەس لە ھەرێمی كوردستان دەستگیر دەكرێن، سەرۆكی دەستەی دەستپاكییش دەڵێ، تەنیا لە ساڵی رابردوودا ٣٠ كەس بە بڕیاری دادوەر دوای یەكلاكردنەوەی دۆسیەكانیان حوكم دراون و ئێستا لە زینداندان.
 
د. ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی لە ھەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، دەستەكەیان بەردەوامە لە لێكۆڵینەوە لەسەر دۆسیەكانی گەندەڵی و ئەمساڵیش ژمارەیەك كەس بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیر كراون و ھەندێكیشیان بانگهێشتی لێكۆڵینەوە كراون لەبارەی ئەو كەیسانەی لەسەریان ھەیە.
 
لەبارەی چۆنیەتیی دەستگیركردنی گەندەڵكارانەوە، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی دەڵێت: "ئەوە دەمێنێتەوە سەر كەیسەكە، چونكە دادوەر بانگی تۆمەتبار دەكات و ئەگەر پێویستی كرد رادەگیرێت تا ئەو كاتەی دادوەر بڕیاری ئازادكردنی دەدات، لەگەڵ ئەوەشدا كەسێك كە تۆمەتی گەندەڵیی بەسەریدا ساغ بووەوە، بێگومان دادوەر حوكمی بۆ دەردەكات و ئازاد ناكرێت تا ئەوكاتەی حوكمەكەی تەواو دەبێت".
 
 د. ئەحمەد ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ساڵانی رابردوو ژمارەیەكی زۆر كەس لە گەندەڵییەوە تێوەگلاون و حوكم دراون، بەڵام تەنیا ساڵی رابردوو لە ھەرێمی كوردستان نزیكەی ٣٠ كەس بە ھۆی گەندەڵییەوە حوكم دراون.
 
قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار