فراكسیۆنی پارتی پڕۆژەیاسایەك بۆ خزمەتكردنی پێشمەرگە پێشكەشی پەرلەمان دەكات
ھەولێر-KDP.info- ئەندامانی فراكسیۆنی زەرد لە لیژنەی پێشمەرگە، سەرقاڵی ئامادەكردنی پڕۆژەیاسایەكن بۆ ئەوەی خزمەتی ھێزی پێشمەرگەی پێ بكەن، كە بریتییە لە ھاوتاكردنی مووچەی پێشمەرگە و خانەنشینان لەگەڵ مووچەی ھێزەكانی ناوخۆ و هەروەها پلەبەرزكردنەوەی ھێزەكانی پێشمەرگە و رێكخستنی دەوام.
ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە و ئاسایش و ناوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان، نزار مەلا غەفار، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "وەكو فراكسیۆنی زەرد سەرقاڵی ئامادەكردنی پڕۆژەیاسایەكین كە سێ خاڵی گرنگ لە خۆی دەگرێت و ئەمڕۆش لیژنەی پێشمەرگە كۆ دەبێتەوە و خاڵەكان پێشكەشی سەرجەم ئەندامان دەكەین، بۆ ئەوەی كاری لەسەر بكەین و دەوڵەمەند بكرێت و لە كاتی پێكھێنانی حكوومەتی نوێدا بخرێتە بەرنامەی كارەوە و پەسەند بكرێت".
سەبارەت بەو سێ خاڵە، نزار گوتی: "ئەو خاڵانە بریتین لە ھاوتاكردنی مووچەی پێشمەرگە لەگەڵ مووچەی ھێزەكانی ئاسایش و ناوخۆ، ھاوتاكردنی مووچەی خانەنشینیی پێشمەرگە لەگەڵ خانەنشینانی ناوخۆ و پلەبەرزكردنەوەی ھێزەكانی پێشمەرگە، كە ماوەیەكە راگیراوە و خاڵی سێ یەمیش رێكخستنی دەوامی ھێزەكانی پێشمەرگەیە".
مەلاغەفار دەشڵێ، وەك فراكسیۆنی زەرد ھەموو ھەوڵێك دەدەن بۆ ئەوەی بتوانن باشترین خزمەتی ھێزی پێشمەرگە بكەن و ھەرچی لە تواناشیاندا ھەیە بۆ ھێزی پێشمەرگە ئەنجامی دەدەن، چونكە ھێزی پێشمەرگە شایستەی ھەموو خزمەتێكە و قوربانیی زۆری لە پێناو گەلەكەیدا داوە.
بڵند ئیبراھیم




