٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. عەبدولحەكیم: لایەنە عێراقییەكان پێویستیان بە ھەرێمی كوردستانە

سەرچاوە: KDP.info
 
ھەولێر-KDP.info- چاودێرێكی سیاسی دەڵێ، ئەو سەركردە عێراقیانەی سەردانی ھەرێمی كوردستان دەكەن، بۆ پتەوكردنی پەیوەندیی نێوان ھەرێم و بەغدایە و پێویستیشیان بە ھەرێمی كوردستانە، چونكە ھەرێم كاریگەریی زۆری لەسەر پرۆسەی سیاسی ھەیە.
 
مامۆستای زانكۆ و چاودێری سیاسی، د. عەبدولحەكیم خەسرۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "سەرۆكی پەرلەمانی عێراق سەركردایەتیی ھێزێكی سیاسی دەكات و پێویستی بە پەیوەندی ھەیە لەگەڵ لایەنەكاندا، لەوانەش ھەرێمی كوردستان و خۆئامادەكردن بۆ قۆناغێكی دیكەی پرۆسەی سیاسی و دەیەوێت ھەماھەنگیی لەگەڵ ھەرێمی كوردستاندا ھەبێت، بە تایبەت لەو شوێنانەی كورد رۆڵی ھەیە وەك مووسڵ و كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان بە گشتی".
 
خەسرۆ گوتیشی: "داواكاریی ھەموو لایەكە كە پەیوەندیی نێوان ھەرێمی كوردستان و عێراق باش بێت و ئەمەش تەنھا داواكاریی لایەنە عێراقییەكان نییە، بەڵكوو داواكاریی ئەمەریكا و ھاوپەیمانانیشە، چونكە كۆمەڵێك لایەنی سیاسیی ھەرێم لە پەرلەمانی عێراقن و كاریگەرییان لەسەر پرۆسەی سیاسی ھەیە، هەروەها كۆمەڵێك كێشەش لە نێوان ھەرێم و بەغدادا هەن و دەیاەوێت رۆڵیان لە چاكردنیاندا ھەبێت".
 
ئەو چاودێرە باسی لەوەش كرد: "لایەنە عێراقییەكان پێویستیان بە ھەرێمی كوردستان ھەیە، چونكە لە مووسڵ پارێزگارێكی نوێ دادەنرێت و لە كەركووكیش بە ھەمان شێوە، جگە لەوەش كابینەی نوێ تەواو نەكراوە و وەزیری بەرگری لە سوننەیە، بۆیە سەرۆكی پەرلەمان سەردانی ھەرێمی كردووە و دەیەوێت ھەرێمی كوردستان ھاوكارییان بكات، ئەوان هەروەها دەخوازن سازان لە نێوان ھەردوو لایەندا ھەبێت و بەرژەوەندیی ھاوبەشیش ھەیە، هەر بۆیە دەیانەوێت ھەماھەنگیی زیاتر دروست ببێت".
 
بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار