٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی ناوخۆ: لە هەوڵداین مووچەی كارمەندانی مەدەنی و سەربازی ھاوتا بكرێت

سەرچاوە: KDP.info
 
ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار ھەوڵیان داوە مووچەی كارمەندانی مەدەنی و سەربازیی سەر بە  وەزارەتەكەیان ھاوتا بكرێت، بەڵام بە ھۆی قەیرانی داراییەوە نەكراوە و لە ئێستاشدا كە دۆخی ئابووری باش بووە، ھەوڵ دەدەن مووچەكەیان ھاوتا بكرێت.
 
د. سامی جەلال، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دەمێكە لە بەغدا مووچەی كارمەندانی مەدەنیی وەزارەتی ناوخۆ ھاوتای ھێزەكانی سەربازی كراوە و ئێمەش دوو جار داوامان لە ئەنجوومەنی وەزیران كردووە لە ھەرێمی كوردستانیش مووچەكان ھاوتا بكرێت و ئەو جیاوازییەی ھەیە نەمێنێت، چونكە مافی خۆیانە و لە بەغداش ھەمان بڕیار دراوە و پێویستە لە ھەرێمی كوردستانیش جێبەجێ بكرێت".
 
جەلال گوتیشی: "لە ھەرێمی كوردستان كارمەندی مەدەنی دەرماڵەی مەترسیی نییە و ئەوەی سەربازی ھەیەتی، بەڵام لە بەغدا ھەردووكیان ھەیانە، بۆیە كارمەندانی مەدەنیی ئێرەش پێویستە ھەیانبێت و مافی خۆیانە، چونكە ھەر مەترسییەك ھەبێت، لەسەر ھەردووكیانە نەك تەنھا ئەوانەی سەربازین".
 
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێم باسی لەوەش كرد: "پێشتر بە ھۆی قەیرانی داراییەوە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان وەڵامی ئێمەی نەدایەوە، بەڵام ئێستا كە قەیرانی دارایی نەماوە، چاوەڕێ دەكەین حكوومەت وەڵامێكی ئەرێنیمان بداتەوە، چونكە ناكرێت ئەو جیاوازییە بمێنێت و پێویستە مووچەكەیان ھاوتا بكرێت".
 
بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار