٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بڕیارە ٥٠ پڕۆژە لە بەردەڕەش جێبەجێ بكرێن

سەرچاوە: KDP.info

بەردەڕەش-KDP.info- قایمقامی قەزای بەردەڕەش دەڵێ، لە ئێستادا لە سنووری بەردەڕەش چەندین پڕۆژە لە واری جێبەجێكردندان و بڕیارە حەوت ملیار دیناری دیكەشیان بۆ خەرج بكرێت و ٥٠ پڕۆژەی تریش جێبەجێ بكەن.

خەلیل مەحموود، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ٥٠٠ ملیۆن دیناری خەرج كردووە بۆ ئەوەی رێگای بەردەڕەش بۆ كەڵەك نۆژەن بكرێتەوە و لە ئێستاشدا دەست بە نۆژەنكردنەوەی كراوە، بەڵام بە ھۆی بارینی بارانێكی زۆر ھەندێك دواكەوتووە، لەگەڵ ئەوەشدا ھەوڵ دەدرێت ئەو رێگایە سەرلەنوێ دروست بكرێتەوە و دەرخستەشی بۆ كراوە بە بڕی چوار ملیار دینار، بەڵام بە ھۆی قەیرانی داراییەوە ھێشتا بڕیاری لەسەر نەدراوە".

قایمقامی قەزای بەردەڕەش گوتیشی: "جگە لەو رێگایە، ئێستا رێگای بەردەڕەش بۆ ناحیەی دارەتووش لە جێبەجێكردندایە، كە سەرۆكی حكوومەت رەزامەندیی داوە و درێژییەكەی حەوت كیلۆمەتر دەبێت و هەروەها رێگای روڤیا بۆ گۆپاڵیش بە بڕی ٩٠ ملیۆن دۆلار لە جێبەجێكردندایە، كە رێگایەكی دووسایدی زۆر پێشكەوتووە و ئەویش دروست دەكرێت، بۆیە بەردەڕەش بێبەش نەكراوە لە پڕۆژەی خزمەتگوزاری، بەڵام پێویستی بە پڕۆژەی زیاتر ھەیە".

مەحموود باسی لەوەش كرد، بڕیارە حەوت ملیار دیناری دیكە بۆ پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری بەردەڕەش خەرج بكرێت و دەشڵێ: "ئێمە ٥٠ پڕۆژەمان ئامادە كردووە و پێشكەشمان كردوون، كە ھەموو بوارەكان لە خۆ دەگرێت، وەك قوتابخانە و تەندروستی و رێگاوبان و كەرتەكانی دیكە، ھەر كاتێكیش پارەكە خەرج كرا، دەست بە جێبەجێكردنیان دەكەین".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار