٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"ڕێگا سەرەکی و نێودەوڵەتییەکانی دھۆک نۆژەن دەکرێنەوە"

سەرچاوە: KDP.info

 

دهۆک-KDP.info-  بڕیارە ڕێگا سەرەکییەکانی سنووری پارێزگای دھۆک نۆژەن بکرێنەوە و بەڕێوەبەری چاکردنەوەی ڕێگاوبانیش لە پارێزگای دھۆک دەڵێ، بەشێک لەو ڕێگایانە نێودەوڵەتین و پێویستیان بە ٤٠ ملیار دینارە بۆ دەستپێکردنیان.

 

دێوالی حەمێ بریندار، بەڕێوەبەری پاراستنی ڕێگاوبانی دھۆک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پلان ئامادە کراوە بۆ نۆژەنکردنەوەی ھەموو ڕێگاوبانەکانی سنووری پارێزگای دھۆک و، ئێستا زۆر پێویستە ئەو ڕێگا سەرەکییانە دووبارە نۆژەن بکرێنەوە، چونکە ماوەی پێنج ساڵ پڕۆسەی ڕێگاوبان بەھۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشەوە ڕاگیرابوو."

 

بەڕێوەبەری چاکردنەوەی ڕێگاوبانی دھۆک گوتی: "بەپێی ئەو پلانەی ئامادەکراوە، ڕێگا سەرەکییەکانی دھۆک لە دێرەبوون تا سنووری مووسڵ و ھەولێر ھەموویان دەرخستەیان بۆ کراوە و ئامادە کراون بۆ نۆژەنکردنەوە، بەتایبەتی ئێمە ھەندێ ڕێگای نێودەوڵەتیمان ھەن کە عێراق و ھەرێمی کوردستان بە وڵاتی تورکیا و ئەوروپا دەبەستنەوە، ئەوانە زیاتر گرنگییان ھەیە و زیاتریش تێکچوونە، لەبەر ئەوەی ھاتوچۆی زۆریان لەسەرە."

بریندار ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بەپێی ئەو دەرخستەیەی کراوە، بۆ نۆژەنکردنەوە و چاکردنەوەی ڕێگاوبانەکانی دھۆک پێویستمان بە ٤٠ ملیار دیناری عێراقی ھەیە و ئەگەر پارەکە خەرج بکرێت یەکسەر دەست بە کاری خۆمان دەکەین، ئێمە داوکاریمان ناردووە بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەت و چاوەڕێی ڕەزامەندیین."

دێوالی حەمێ بریندار دەشڵێت: "باران  و لافاوی ئەمساڵ زیانی زۆری بە کەرتی ڕێگاوبان گەیاندووە و دەتوانم بڵێم ڕێگا نەماوە زیانی بەرنەکەوتبێت و ئەگەر پارەمان بۆ دابین بکرێت یەک گوندیش ناھێڵین ڕێگەی چاک نەکرێتەوە."

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار