٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فراكسیۆنی پارتی، هەوڵەكانی چڕ كردووەتەوە بۆ ئەوەی زیانلێكەوتووانی لافاو قەرەبوو بكرێنەوە

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، فراكسیۆنەكەیان هەوڵەكانی چڕ كردووەتەوە بۆ ئەوەی هەرچی زووە ئەو خەڵكەی كە بە هۆی بارانبارین و دروستبوونی لافاوەوە زیانیان بەركەوتووە، قەرەبوو بكرێنەوە.

لە بەشەبودجەی 2019ـی عێراق، 3 تریلیۆن دینار بۆ رووداوە لەناكاوەكان تەرخان كراوە، لەنێویدا 380 ملیار دیناری بەر هەرێمی كوردستان دەكەوێت، لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقیشدا بڕیار درا بە قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی لافاو و داواش لە هەرێمی كوردستان كرا دۆسیەی زیانلێكەوتووانی لافاو ئامادە بكات.

ئەمساڵ بە هۆی زۆریی بارانبارین لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان و ئەو شوێنانەی نزیكن لە رووبارەكان، لافاو دروست بوو، بەوەش زیان بە بەشێك لە ماڵ و موڵكی هاووڵاتیان كەوت.

د. مەیادە نەجاڕ، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە ماوەی رابردوودا لە زۆر شوێن بە هۆی زۆریی بارانبارین و دروستبوونی لافاوەوە زیان بەر هاووڵاتیان كەوت، بۆیە بڕیار وایە زیانلێكەوتووان قەرەبوو بكرێنەوە، كه‌ هەر شارێكی لە عێراق قەرەبوو بكرێتەوە، ئه‌وه‌ هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە، ئێستا فراكسیۆنی پارتی هەوڵەكانی چڕ كردووەتەوە بۆ ئەوەی هەرچی زووە ئەو خەڵكەی كە زەرەروزیانی بەركەوتووە، قەرەبوو بكرێنەوە".

 

ڕابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار