ئەمڕۆ 121مین ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردییە

هەولێر-KDP.info- دوای ئەوەی ٢٢ی نیسان وەكوو رۆژی رۆژنامەگەریی كوردی دیاری كرا، ئێستا ھەموو ساڵێك لەو رۆژەدا ناوەندە ئەكادیمی و میدیاییەكانی بەشە جیاجیاكانی كوردستان چەندین چالاكیی رۆژنامەگەری ئەنجام دەدەن.
121 ساڵ لەمەوبەر و لە ٢٢ی نیسانی ساڵی ١٨٩٨، یەكەم رۆژنامەی كوردی بە ناوی "كوردستان" لە قاھیرەی پایتەختی میسر لەلایەن بنەماڵەی بەدرخانەكان و لەسەر دەستی نووسەر و ڕۆژنامەنووسی پێشەنگی كورد "میقداد مەدحەت بەدرخان" چاپ و بڵاو كرایەوە.

رۆژنامەی كوردستان ٣١ ژمارەی لێ دەرچوو، كە ژمارە یەك تاكوو ژمارە پێنج لە قاھیرە و ژمارە شەش تاكوو ١٩ لە جنێڤ و ٢٠ تاكوو ٢٣ دووبارە لە قاھیرە و ٢٤ لە لەندەن و ٢٥ تاكوو ٢٩ لە ئەڵمانیا و ٣٠ و ٣١یش دووبارە لە جنێڤ بڵاو كراونەتەوە.
ھۆكاری پچڕپچڕ دەرچوونی رۆژنامەكە و دەرچوونی لە چەند وڵاتێك بە ھۆی ئەوەی كە میسر و ھەموو ناوچەكە لە ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆری عوسمانیدا بووە، رەنگە لەو كاتەدا رێگەیان نەدابێت كە ھەموو ژمارەكان لە میسر دەربچن، بە تایبەتی كە بەناوی كورد و كوردستانەوە بووە.

رۆژنامەگەریی كوردی تا ئەمڕۆش گەڕان بووە بە دوای ناسنامە و شوناسێكی كوردی لە دنیای میدیادا و ھەندێك لە شۆڕەسوارەكانی مەیدانی رۆژنامەگەری كوردی، ئەوانەی كۆچی دواییان كردوە بریتین لە "میقداد مەدحەت بەدرخان" خاوەنی (رۆژنامەی كوردستان ١٨٩٨ ) عەبدولكەریم ئەفەندی خاوەنی گۆڤاری (رۆژی كورد ١٩١٣) مستەفا پاشا یامولكی خاوەنی (گۆڤاری بانگ كوردستان ١٩٢٢) مێژوونووس حوسێن حوزنی موكریانی خاوەنی (گۆڤاری زاری كرمانجی ١٩٢٦) مامۆستا عەلائەدین سەجادی (خاوەنی گۆڤاری نزار) ماموستا ئەنوەر مائی خاوەنی (گۆڤاری رۆناھی) پیرەمیردی شاعیر (خاوەنی رۆژنامەی ژین) مەلا شەریف ڕەنگەرێژی خاوەنی (رۆژنامەی ئازادی ١٩٤٥) مامۆستا گیوی موكریانی خاوەنی (گۆڤاری ھەتاو ١٩٥٤).
ئەمە جگە لە سەدان نووسەر و رۆشنبیر و ھونەرمەند، كە دڵسۆزانە لە رۆژگاری خۆیدا بەشدارییان لە گەشەپێدانی رۆژنامەگەریی كوردیدا كردووە وەكوو: "عەبدوڵڵا گۆران / مەعرووف بەرزنجی /غەفوور میرزا كەریم / جەلالی میرازا كەریم / ئەمینی میرزا كەریم / ئەحمەد غەفوور/ مەلا ئەنوەر مائی / شاعیری ناسراو قانیع / مامۆستا شاكر فەتاح / محەمەد تۆفیق وردی / محەمەد مەولوود مەم / ساڵح حەیدەری / مامۆستایان هەژار و هێمن و لە هەموو بەشەكانی كوردستانیش بە سەدان كەسی تر".

هاوكات دوای ڕاپەڕینی 1991 لە باشووری كوردستان و دروستبوونی قەوارەی سیاسیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕۆژنامەنووسی بە گشتی میدیا و چاپ و بڵاوكردنەوەی كوردی پێی نایە قۆناغێكی نوێ و شارستانیترەوە و چەندین قۆناغی بڕیوە و هاوكات لەگەڵ كەموكۆڕی و بەربەستەكانی كۆمەڵێك هەنگاوی جیددیی هەڵهێناوە. جیا لە ڕۆژنامەنووسیی كاغەزی، هاوكات میدیای ئەلكترۆنی و ڕۆژنامە و گۆڤار و هەفتەنامە و بڵاوكراوەی جۆراوجۆر دەستیان بە وەشان كردووە. لەگەڵ پەیدابوونی میدیای بینراو و تەلەڤزیۆن، ڕۆژنامە و میدیای نووسراو كەمڕەنگ بووەتەوە، بەڵام هێشتا كاریگەریی خۆی هەر ماوە.
ئێستا میدیا و مەیدانی ڕۆژنامەنووسیی كوردی بە سەدان ڕۆژنامەنووس و میدیاكاری لە ئاستە جیاجیاكان تێدایە و سەرقاڵی كار و چالاكین و چەندین سەنتەر، ناوەند و زانكۆ و ناوەندی ئەكادیمی لە هەرێمی كوردستان سەرقاڵی پێگەیاندنی خوێندكاری بوارە جیاجیاكانی میدیان.




