٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەفەندی: هەر مووچەخۆرێك ناوی لە بایۆمەتریدا نەبێت، مووچەی پێ نادرێـت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاری ڕایگەیاند، بەم زووانە قۆناغی دووەمی سیستمی بایۆمەتری دەست پێدەكاتەوە و، هەر مووچەخۆرێكیش ناوی لە بایۆمەتریدا تۆمار نەكرابێـت، مووچەی پێ نادرێـت.

هیوا ئەفەندی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "سیستمی بایۆمەتری دەبێتە هۆی ئەوەی حكوومەتی ئەلیكترۆنی لە هەرێمی كوردستان بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیان و ڕاییكردنی كارەكانیان بە شێوەی ئۆنڵاین لە دامودەزگا حكوومییەكان دروست ببێت، لە هەمان كاتدا كارئاسانی بۆ وەزارەتی دارایی دەكات لە پێدانی مووچەی فەرمانبەران و ڕێكخستەوەی ژمارەی مووچەخۆران لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەر كەسێكیش ناوی لە سیستمی بایۆمەتریدا نەبێـت، مووچەی پێ نادرێـت".

ئەفەندی گوتیشی: "لە ئایندەیەكی نزیكدا قۆناغی دووەمی سیستمی بایۆمەتری دەست پێدەكاتەوە، كە قۆناغی خزمەتكردن و حكوومەتی ئەلیكترۆنی دەبێـت، پلانمان هەیە سەرجەم دانیشتووانی هەرێم داخڵی ئەو سیستمە بكەین و پڕۆفایلێكی تایبەتیان بۆ بكرێتەوە، كە سەرجەم زانیارییە كەسییەكان لە خۆ بگرێت، تا هاووڵاتیان بۆ بەئەنجامگەیاندنی كاری فەرمانگەكانی حكوومەت، پێویستیان بە مامەڵەی تر نەبێـت، هاوكات ئەو پڕۆفایلە لەئاستی نێودەوڵەتییش باوەڕپێكراوە و كاری پێدەكرێت و سوودی زۆریشی بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەبێـت".

ناوبراو دەشڵێت: "تەواوبوونی ئەم سیستمە، هاوكارێكی گرینگ دەبێـت لە ڕێكخستن و خستنەڕووی ژمارەی  مووچەخۆر و فەرمانبەرانی میلاك لە سەرجەم دامودەزگا حكوومییەكانی هەرێمی كوردستان".

 

هۆزان سەمەد

هەواڵی پەیوەندیدار