٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"بڕیارە سیستمی بیمەی تەندروستی دابمەزرێت.. حكوومەت خەرجیی نەخۆش لە ئەستۆ دەگرێـت"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- لە ڕێگای سندووقی نەختینەییەوە، بڕیارە سیستمی بیمەی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان دابمەزرێـت، پەرلەمانتارێكی كوردستانیش دەڵێت، دوای دامەزراندنی سیستمەكە، حكوومەت خەرجیی نەشتەرگەریی نەخۆش لە ئەستۆ دەگرێـت.

زانا مەلاخالید، ئەندامی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، لیژنەكەیان سەرقاڵی ئامادەكردنی پڕۆژەیاسایەكن بۆ دامەزراندنی سیستمی بیمەی تەندروستی بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و لەوبارەیەوە چەند كۆبووەیەك ساز كراون و بەشێكی پڕۆژەیاساكە نووسراوەتەوە، كە بەرزی دەكەنەوە بۆ هەریەكە لە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی و وەزارەتی تەندروستی، بۆ ئەوەی بە هەماهەنگی نێوانیان پڕۆژەی بیمەی تەندروستی لە نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیان دابمەزرێندرێت".

مەلاخالید گوتیشی: "لە ڕێگای سندووقی نەختینەیی و دابینكردنی بودجەی پێویست لەلایەن وەزارەتی دارایی بۆ ئەم مەبەستە، بە كۆدەنگیی لایەنەكان پڕۆژەی بیمەی تەندروستی دێتە كایەوە، كە سوودمەندی سەرەكی لەم پڕۆژەیە هاووڵاتیانن.

ئەوپەرلەمانتارە هەروەها دەشڵێت، لیژنەكەیان جەخـت لەسەر ئەم پڕۆژەیە دەكاتەوە و كاری جیددیشی لەسەر دەكەن، بۆ ئەوەی بە سەركەوتوویی تێپەڕێندرێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش كرد، سیستمی بیمەی تەندروستی، چارەسەری كێشەی هاووڵاتیان دەكات لە كەرتی تەندروستیدا، بۆ نموونە گەر نەخۆشێك پێوستی بە نەشتەرگەرییەك هەبێـت و باری دارایی باش نەبێت، لە ڕێگای سیستمی بیمەی تەندروستییەوە حكوومەت خەرجیی نەشتەرگەری و چارەسەری پزیشكی لە ئەستۆ دەگرێت و كارئاسانی بۆ نەخۆشەكە دەكات، لە بەرامبەردا بەپێی داهاتی كەسەكە، ساڵانە بڕێك پارەی دیاریكراو لە لایەن نەخۆشەكەوە دەرێت بە سندووقی نەختینەیی و دڵنیایی تەندروستی دابین دەكرێـت.

 

هـۆزان سەمەد

هەواڵی پەیوەندیدار