لە دھۆك زەوی بەسەر كەسوكاری شەھیداندا دابەش دەكرێت

دھۆك-KDP.info- بڕیارە لە سنووری پارێزگای دھۆك زەوی بەسەر كەسوكاری شەھیداندا دابەش بكرێت، بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری شەھیدانیش دەڵێ، لیستێك ئامادەیە بۆ پێدانی زەوی و پێشتریش چەندین هاووڵاتی لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند بوونە.
ژیان مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی شەھیدانی پارێزگای دھۆك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لیستێكی ناوی شەھیدان بۆ پێدانی زەویی نیشتەجێبوون رەوانەی سەرۆكایەتیی شارەوانیی دھۆك و دیوانی پارێزگا كراوە، بۆ ئەوەی لە ئایندەیەكی نزیكدا زەوییان بەسەردا دابەش بكرێت و سوودمەند بن لە بڕیاری حكوومەت بۆ پێدانی پارچە زەوی".
بەڕێوەبەری گشتیی شەھیدان و ئەنفالكراوانی پارێزگای دھۆك دەشڵێت: "ئەمانە پێشتر بڕیاری سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانیان ھەبوو تا سوودمەند بن لە بڕیاری حكوومەت، تەنھا ماوە شوێنیان بۆ دیاری بكرێت".
مستەفا ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "لیستێكی دیكەمان ھەیە، كە بەرز كراوەتەوە بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان و ھەمووشیان شەھیدی شەڕی داعش و جینۆسایدن، ناتوانم ھیچ وادەیەك دیاری بكەم، بەڵام پێشبینی دەكەم ئەوانیش لە ئایندەیەكی نزیكدا لە پێدانی زەوی سوودمەند بن".
قائید میرۆ




