٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

محەمەد سەعدەدین: مانگی دابێ سەرۆكی ھەرێم ھەڵدەبژێردرێت و حكوومەتیش رادەگەیەندرێت

سەرچاوە: KDP.info
 
هەولێر-KDP.info- بڕیارە لە رۆژانی دابێ پەرلەمانی كوردستان بۆ پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان كۆ ببێتەوە، سەرۆكی فڕاكسیۆنی گەشەپێدانی توركمانیش دەڵێ، لە مانگی رەمەزاندا كابینەی نوێ دەستبەكار دەبێت.
 
محەمەد سەعدەدین، سەرۆكی فڕاكسیۆنی گەشەپێدانی توركمان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پارتی وەك براوەی ھەڵبژاردنەكان لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان گەیشتووەتە رێككەوتنی كۆتایی لەسەر پرسە  گشتییەكان، واتا راگەیاندنی كابینەی حكوومەتی ھەرێم یەكلا بووەتەوە، بەڵام ئەوەی بووەتە ئاستەنگ، پرسی جێگری دووەمی سەرۆكی ھەرێمی كوردستانە، ئەوەش یەك خاڵە و دەتوانرێت زۆر بە ئاسانی چارەسەر بكرێت، پێم وایە لە هەفتەی داھاتوودا ئەو بابەتەش یەكلا بكرێتەوە".
 
سەرۆكی فڕاكسیۆنی گەشەپێدانی توركمان گوتیشی: "لە داھاتوویەكی زۆر نزیكدا پەرلەمان دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان دەدات، واتا كێشەی سیاسی نەماوە لە بەردەمماندا، ئەوەی ھەیە كێشەی تەكنیكییە و چاوەڕێی ئەوەین رۆژێك بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان دیاری بكرێت تا پڕۆژەكە پەسەند بكرێت".
 
سەعدەدین دەشڵێ: "دوای پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان، لە ماوەی ١٣ رۆژدا سەرۆكی ھەرێم ھەڵدەژێردرێت و دواتر كابینەی حكوومەت پێك دێت، بە بڕوای من ھەڵبژاردنی سەرۆكی ھەرێم و راگەیاندنی كابینەی حكوومەت، یەك مانگی پێویستە و پێشبینی دەكرێت لە مانگی رەمەزاندا ھەموو پرسەكان یەكلا بكرێنەوە و حكوومەتی نوێ لە رەمەزاندا دەنگی لەسەر دەدرێت".
 
قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار