٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گوڵیزار ڕەشید: یاسای نەوت و غاز كارا دەكرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info
 
هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، لە ئایندەدا دەست بە هەناردەی غازی شلی هەرێمی كوردستان دەكرێت و یاسای نەوت و غازیش كارا دەكرێتەوە.
 
گوڵیزار ڕەشید، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، یەكەم كاری لیژنەكەیان هەمواركردنەوەی یاسای نەوت و غاز دەبێـت و چەند كۆبوونەوەیەكیشیان ئەنجام داوە و سەرقاڵی ئامادەكردنی یاداشتێكن بۆ حكوومەت و سەرۆكایەتیی پەرلەمان، بۆ ئەوەی بە وردی كار لەسەر ئەم پرسە بكرێـت و سندووقی داهاتی نەوت و غاز كارا بكرێت. 
 
ڕەشید گوتیشی: "لەگەڵ لیژنەی چاكسازیی پەرلەمان لە گفتۆگۆداین بۆ هەمواری چەند ماددە و بڕگەیەك لە یاسای نەوت و غاز بە هەمواركردنی ئەم یاسایە و كاراكردنی داهاتی سندووقی نەوت وغاز، هەناردەی نەوت روونتر دەبێـت و داهاتێكی بەرچاو بۆ حكوومەت دەگەڕێتەوە".
 
ناوبراو دەشڵێـت، فڕاكسیۆنی پارتی جەخت لە هەمواركردنەوەی ئەم یاسایە دەكاتەوە و ڕێگەی بۆ خۆش دەكات، لە كۆتاییشدا ئەم یاسایە و سندووقی داهاتی نەوت و غاز لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیاندا دەبێـت.
 
گوڵیزار ڕەشید ئاماژەی بەوەش كرد، ئابووریی هەرێم روو لە گەشە و فراوانبوونە و وڵاتانی زلهێزیش چاویان لەسەر هەرێمی كوردستانە بۆ پەرەپێدانی ئاستی ئابووری و ئاڵۆگۆڕی بازرگانی، هەروەها غازی شلی هەرێمی كوردستان كێبڕكێی لە نێوان وڵاتاندا دروست كردووە، بۆ ئەوەی بەشدار بن لەو سێكتەرەدا و سوود لە غازی شلی هەرێمی كوردستان وەربگرن، ڕێككەوتنی رووسیاش لەسەر ئەم پرسە ژمارەیەكی بەهێز بە هەرێمی كوردستان دەبەخشێت، بۆیە لە قۆناغی ئایندەدا دەست بە دەرهێنان و هەناردەی غازی شلی هەرێمی كوردستان دەكرێت لە ڕێگای كۆمپانیا رووسییەكانەوە. 
 
 
هـۆزان سەمەد
 

هەواڵی پەیوەندیدار