جووتیارانی كەركووك داوای بەهاناوەچوون دەكەن
__2019_04_20_h15m13s25__ER.jpg)
كەركووك-KDP.info - دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017، داگیركردنەوەی زەویی كشتوكاڵیی هاووڵاتییانی كورد لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان دەستی پێ كردووەتەوە، جووتیارانی كوردیش داوای بەهاناوەچوون دەكەن.
سلێمان حەمەساڵح، جووتیار لە شاری كەركووك، لەو بارەیەوە گوتی: "لە گوندی مەتارە، كە زێدی باب و باپیرانمانە لە سنووری شارۆچكەی داقووق، زیاتر لە پێنجهەزار دۆنم زەویی بەراومان لە لایەن عەرەبی هاوردەوە داگیر كراوە، ڕاستەوخۆش ئیدارەی شارەكە و هێزی میلیشیاییی حەشدی شەعبی پشتیوانییان لێ دەكەن".
جووتیارانی كورد دژی داگیركردنی زەوییەكانیان خۆپێشاندان دەكەن و داوا لە پەرلەمانتارانی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەكەن هەنگاوی جیددی هەڵبگرن بۆ ئەوەی بە یاسا ڕێگە لە داگیركاریی زەوییەكانیان بگرن.
حەمەساڵح گوتیشی: "ئەو زەوییانە هیی خۆمانن و تاپۆمان هەیە، بەڵام حكوومەتی عێراق لە سەردەمی سەددام حوسێندا كوردیان لە زێدی خۆیان دەركرد و زەوییەكانیان داین بە عەرەبی هاوردە، ئەوە بوو پاش 2003 ئێمە زەوییەكانی خۆمان وەرگرتەوە، بەڵام جارێكی دیكە لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر بەعەرەبكردن و داگیركاریی گوندەكانمان دەستی پێ كردووەتەوە و هەڕەشەی كوشتنیشمان لێ دەكەن".
جووتیاران وەك خۆیان دەڵێن، سكاڵایان دژی داگیركاریی زەوییەكانیان تۆمار كردووە، بەڵام كەس گوێیان لێ ناگرێت، ئەو جووتیارەی كەركووك ئاماژەیشی دا: "ئێمە لە ئیدارەی شاری كەركووك سكاڵامان دژی داگیركاریی زەوییەكانمان تۆمار كردووە، بەڵام گوێمان لێ ناگرن، چونكە پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك پاڵپشتیانە، بۆیە داوا لە پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا دەكەین كار بۆ وەستاندنی داگیركاری و ئەو زوڵمە بكەن كە لێمان دەكرێت".
جووتیارێكی تری كوردی دانیشتووی گوندی تەرجیل بە ناوی سەید هادی عەبدول گوتی: "ئەو عەرەبانەی كە ساڵانی 1970 لە لایەن حكوومەتی ئەوكاتی عێراقەوە هاوردە كران، كە عەرەبی پارێزگاكانی دیالە و سەماوە و مووسڵ بوون، زەویی كوردانیان داگیر كرد و ئێمە دەركراین، لە ساڵی 2003شدا زەوییەكانمان وەرگرتەوە، بەڵام ئێستا جارێكی تر ئەو عەرەبانە گەڕاونەتەوە زەوییەكانمان داگیر دەكەن، كە 6 هەزار دۆنم زەوییە".
هاووڵاتی، عومەر شامیل ئاغا، كە 400 دۆنم زەویی لێ داگیر كراوە، دەڵێ: "زوڵمێكی گەورەمان لێ دەكرێت و تاوانیشمان تەنیا كوردبوونمانە، ئێستا ئێمە تەنانەت بۆمان نییە بڕۆینەوە سەر زەویوزاری باب و باپیرانیشمان، ئەوەش ستەمێكی گەورەیە لێمان دەكرێت".
ناوبراو گوتیشی: "ئێمە بەڵگەی تەواومان هەیە كە ئەو زەوییانە تاپۆی سەر ناوی باب و باپیرانمانە و لەوانەوە بۆمان ماوەتەوە، بۆیە پێویستە ئەندامانی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هاوكار بن و لە ڕێگەی حكوومەتی عێراقەوە فشار دروست بكەن تا زەوییەكانمان بۆ بگەڕێندرێتەوە".
هەر لەو بارەیەوە، ڕێبوار هادی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دەڵێ: "هەوڵەكانی خۆمان زیاتر چڕ كردووەتەوە، بۆ ئەوەی ڕێگە بگرین لە داگیركاریی زەویی جووتیارانی كەركووك، كە عەرەب دەستی پێ كردووە".
وەك هادی گوتی: "پرسی داگیركاریی زەویی كوردان، لە سەردەمی حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراقدا بەردەوام بووە، بەڵام دواجار هەر كورد سەركەوتوو بووە، چونكە كەركووك و تەواوی قەزا و ناحیە و گوندەكانی بۆ كورد یەكلا بوونەتەوە".
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوەش دەكات: "ئێمە وەك كورد هەوڵی جیددی دەدەین كە دۆخی كەركووك ئاسایی بكرێتەوە، ناشبێت ئەو دۆخە بەردەوام بێت، چونكە تەواوی ئەو هەنگاوانەی ئێستا لە كەركووك دەنرێن، نایاسایین".
عەزیز هەورامی




